ئیسرائیل سنوورێکی ئەمنیی نوێ لەگەڵ لوبنان رادەگەیەنێت
سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ هەینی زنجیرەیەک تەقینەوە و بۆردومانی بەرفراوانی لە باشووری لوبنان کرد، هاوکات یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هێڵێکی نوێی وەک "سنووری ئەمنی" دیاری کرد لە کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاست لە رۆژئاواوە تا چیای شێخ (حەرموون) لە رۆژهەڵات درێژ دەبێتەوە.
هەینی 11ـی ئەیلوولی 2026، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل جەختیکردەوە،، سوپاکەی لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ بەردەوامیدان بە جەنگ و هێرشکردنە سەر حزبوڵڵا و پێگەکانی دیکە، هاوکات لەگەڵ ئەم لێدوانانەدا، ناوەندە سیاسییەکانی ئیسرائیل رایانگەیاند،، ئەم پەرەسەندنە سەربازییە لەوانەیە ئامادەکاری بێت بۆ کشانەوەی سوپا بەرەو کەمەربەندێکی ئەمنیی نوێ بە دووریی 3 بۆ 4 کیلۆمەتر لە سنووری نێودەوڵەتی، بەڵام کاتز دەیەوێت ئەم کشانەوەیە وەک پێگەی هێز نیشان بدات و هەڕەشەی وەڵامدانەوەی زۆر سەختی لە ئێران و حزبوڵڵا کرد لە ئەگەری هەر هەوڵێکی تۆڵەسەندنەوەدا.
لە لایەکی دیکەوە، ئەیاڵ زامیر، فەرماندەی سوپای ئیسرائیل لە سەردانێکیدا بۆ فیرقەی 36ـی سوپای ئیسرائیل، دەستخۆشی لە هێزەکانی کرد بۆ لەناوبردنی رێڕەوە ژێرزەمینییەکانی حزبوڵڵا و رایگەیاند: شەوی رابردوو ژێرخانی سەربازیی ژێرزەمینیی وڵاتەکە لە بەرزاییەکانی عەلی تاهیر وێران کرد، کە درێژکراوەی تۆڕی تونێلەکانی قەڵای شقیف بوو، ئەمە سیستەمێکی زەبەلاحە بە پارە و پشتیوانیی ئێران دروست کرابوو، هێزەکانمان دەستیان بەسەر چەکی پێشکەوتووی دروستکراوی ئێراندا گرتووە بۆ لێدانی باکووری ئیسرائیل ئامادە کرابوون. زامیر جەختیشی کردەوە، رێگە نادەن حزبوڵڵا توانا سەربازییەکانی لە ناوچەکەدا سەرلەنوێ رێکبخاتەوە.
هاوکات رادیۆی سوپای ئیسرائیل ئاشکرای کرد، هێزەکانیان دوای تەقاندنەوەی تەواوی تونێلەکان، لە بەرزاییەکانی عەلی تاهیر کشاونەتەوە و لە هێڵەکانی دواوە لە دەوروبەری قەڵای شقیف جێگیر بوون، بەگوێرەی زانیارییەکانی رادیۆکە، ئۆپەراسیۆنی گەمارۆدان و دەستبەسەرداگرتنی ئەو بەرزاییە سێ مانگی خایاندووە و دوای ئەوەی چەکدارانی حزبوڵڵا رەتیانکردووەتەوە خۆیان بەدەستەوە بدەن، نزیکەی 50 چەکداریان کوژراون، هەروەها سوپای ئیسرائیل رێگری لە چەندان کاروانی هاوکاری کردووە حزبوڵڵا لە رێگەی درۆنەوە هەوڵی دابوو بیگەیەنێتە چەکدارە گەمارۆدراوەکانی نێو تونێلەکان.