سێنتکۆم: لە چوارچێوەی گەمارۆکانی سەر ئێران رێڕەوی 99 کەشتیی بازرگانی گۆڕدراوە

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی سەپاندنی گەمارۆکانی واشنتن بەسەر ئێراندا، تا 11ـی ئەیلوول هێزەکانی ئەمریکا رێڕەو و ئاراستەی 99 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە بۆ ئەوەی دڵنیاببنەوە لە پابەندبوونی تەواوەتییان بە رێنمایی و گەمارۆکانەوە.

هەینی 11ـی ئەیلوولی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) وێنەی هێلیکۆپتەرێکی هێزی دەریایی ئەمریکای لە جۆری (MH-60R Sea Hawk) بڵاوکردووەتەوە لە کاتی خۆئامادەکردن بۆ نیشتنەوە لەسەر کەشتیی جەنگیی "یو ئێس ئێس بۆکسەر" (USS Boxer - LHD 4)؛ هاوکات روونیکردووەتەوە، کەشتیی بۆکسەر کەشتیی سەرەکی و فەرماندەیی گرووپی ئامادەباشیی وشکاوەکی و یەکەی 11ـەمی پیادەی دەریاییە (مارێنزە)، بەردەوامە لە ئەرکی جێبەجێکردنی گەمارۆی سەربازی و دەریایی ئەمریکا دژی ئێران.

هاوکات سێنتکۆم رایگەیاندووە، لە سەرەتای گەمارۆیی دەریایی سەر ئێرانەوە تا ئێستا 99 کەشتی رێڕەویان گۆڕدراوە و هێزەکانیان بەردەوام دەبن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان.