عێراق سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر سعوودیە دەکات

حکوومەتی عێراق بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد، کرانە سەر عەرەبستانی سعوودیە، و عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانیش فەرمانی کردنی لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلەی دەرکرد بۆ ئاشکراکردنی ئەو لایەنانەی لە پشت هێرشەکانەوەن.

هەینی 11ـی ئەیلوولی 2026، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، بەغدا بە تەواوی هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی سعوودیە رەتدەکاتەوە، ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، هاوکات حکوومەتی عێراق ستایشی هەڵوێستی سعوودیەی کرد لە بەرامبەر ئەو هەوڵانەی بەغدا داویەتی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و جڵەوگیرکردنی ئاڵۆزییەکان.

هەروەها رایگەیاند، عەلی فالح زەیدی رێنمایی داوە بە لێکۆڵینەوەی بەپەلە لە وردەکاریی هێرشەکان و دیاریکردنی ئەو لایەنانەی لە پشتیەوە بوون، تاوەکو رێکاری یاسایی توند بەرامبەر هەر کەسێک بگردرێتەبەر دەستی لەم تاوانەدا هەبووبێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختیشی کردەوە، دەوڵەت چاوپۆشی لە هیچ چالاکییەک ناکات عێراق یان پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دۆست بخاتە مەترسییەوە.

گوتەبێژی فەرماندەی گشتی دووپاتی کردەوە، خاک و ئاسمانی عێراق نابێتە بنکە و دەروازەیەک بۆ هێرشکردنە سەر هیچ دەوڵەتێک، و سیاسەتی دەرەوەی وڵات لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان و پرەنسیپی دراوسێیەتیی باش داڕێژراوە، بە شێوەیەک پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە پردێک بێت بۆ هاوکاری و سەقامگیری، نەک گۆڕەپانی گرژی و ململانێ.