کیێڤ خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە سێقۆڵییەکان ئامادە دەکات
میدیاکانی ئۆکرانیا لەسەر زاری کیریلۆ بودانۆڤ، سەرۆکی نووسینگەی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بڵاویانکردەوە، کیێڤ خۆی بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستانە سێقۆڵییەکان لە مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوودا ئامادە دەکات، بە ئامانجی دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ ئەو جەنگەی زیاتر لە چوار ساڵ و نیوە لەگەڵ رووسیا بەردەوامە.
یەکشەممە 13ـی ئەیلوولی 2026، کیریلۆ بودانۆڤ، سەرۆکی نووسینگەی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لە پەراوێزی کۆنفرانسێکدا لە کیێڤ بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، دانوستانە نوێیەکان هەریەک لە ئۆکرانیا، رووسیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەخۆدەگرن، و گوتی: "ئێمە بۆ مانگی تشرینی یەکەم ئامادەکاری دەکەین".
هاوکات، جارید کۆشنەر، زاوا و نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هیواخوازیی خۆی پێشان دا کە لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا "هەنگاوەکانی داهاتوو" لە پڕۆسەی دانوستانەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ رابگەیەنن.
کۆشنەر لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی دیکەی ترەمپ، لە هەفتەی رابردوودا بە مەبەستی زیندووکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان سەردانی مۆسکۆ و کیێڤیان کرد و بە جیا لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی کۆبوونەوە.
کۆشنەر لە وتارێکدا لە میانی "کۆڕبەندی ستراتیژی ئەوروپی لە یاڵتا" لە کیێڤ رایگەیاند: "کێشەکان زۆر ئاڵۆزن، بەڵام کارەکان بۆ هەنگاونان بەرەو پێشەوە بەردەوامن، پەیوەندییەکان لەگەڵ هەردوو لایەن زۆر ئەرێنی و بونیاتنەر بوون". هەروەها پابەندبوونی پوتینی بۆ دۆزینەوەی رێگەیەک بۆ پێشڕەوی بەرەو ئاشتی، ئەمەش پێکەنینی لەنێو بەشداربووانی هۆڵەکەدا دروستکرد.
نێردەکەی ئەمریکا دەستخۆشی لەو ئاگربەستە سێ رۆژەیە کرد کە لە کاتی سەردانەکەیاندا بۆ مۆسکۆ و کیێڤ جێبەجێ کرا، دوای ئەوەی پوتین هێرشەکانی سەر کیێڤ و زێلێنسکیش هێرشەکانی سەر مۆسکۆی بۆ ماوەی سێ رۆژ راگرت، کۆشنەر هیوای خواست ئەم ئاگربەستە کاتییە سەر بکێشێت بۆ ئاگربەستێکی سەرتاسەری و درێژخایەن کە کۆتایی بە خوێناویترین ململانێی ئەوروپا لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە بهێنێت.