قالیباف بە بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی "سیمپسۆنەکان" گاڵتە بە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە ئەمریکا دەکات

 سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بە بەرزبوونەوەی پێوانەیی نرخی سووتەمەنی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، گرتەڤیدیۆیەکی لە زنجیرە ئەنیمەیشنی بەناوبانگی ئەمریکی "سیمپسۆنەکان" (The Simpsons) بڵاوکردەوە.

یەکشەممە 13ـی ئەیلوولی 2026، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، ئەو گرتەڤیدیۆیەی وەک وەڵامێک بۆ راپۆرتێکی ئاژانسی "بلومبێرگ" بڵاوکردووەتەوە، کە تێیدا ئاماژە بە هەڵکشانی بێوێنەی نرخی بەنزین کرابوو لە وێستگەیەکی دابەشکردنی سووتەمەنی لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا، بە جۆرێک نرخی یەک گالۆن سووتەمەنی گەیشتووەتە 9.99 دۆلار.

ئاژانسی "بلومبێرگ" لە راپۆرتەکەیدا تیشکی خستبووە سەر ئەوەی کە لە وێستگەیەکی دابەشکردنی سووتەمەنی لە شاری "سان دیێگۆ" سەر بە ویلایەتی کالیفۆرنیا، نرخەکان گەیشتوونەتە ئاستێکی پێوانەیی، بە شێوەیەک تابلۆ دیجیتاڵییەکانی وێستگەکە شوێنی خانەی نوێیان تێدا نەماوە بۆ ئەوەی هەر بەرزبوونەوەیەکی دیکەی نرخەکان پێشان بدەن.

ئەم توانجەی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دوای ئەوە دێت، پێنجشەممە 10ـی ئەیلوولی 2026، محەمەد باقر قالیباف لە پۆستێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە سۆشیاڵ میدیای ئێکس نووسیویەتی: ئەگەر بەدوای بەڵگەیەکدا دەگەڕێن بۆ پێشبینیکردنی داهاتووی بازاڕی نەوت لە کاتێکدا بەرپرسانی ئابووریی حکوومەتی ئەمریکا بێدەنگن، ئەوا با سەیری داهاتوو بکەین، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سەرجەم کەرەستە بێسوودی خۆی وەک درۆکردن لە رێگەی ئەکسیۆس، بۆ دەستێوەردان لە بازاڕ و بەکارهێنانی یەدەگە نەوتییەکان بڵاودەکاتەوە، بەڵام ناتوانێت نرخەکان دابەزێنێت. قالیباف دەڵێت: سەیری هێڵکاری نرخی نەوت بکەن، بەڵام وا نیشان بدەن کە نازانن هەنگاوی داهاتوو چییە و چی روودەدات.

پەیامەکەی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە کاتێکدایە، هەوڵەکانی سکۆت بێسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە رێگەی دەستێوەردان لە بازاڕ و خستنەڕووی چڕی نەوتی یەدەگی ستراتیژی، نەیانتوانیوە رێگری لە هەڵکشانی نرخەکان بکەن، قالیباف رایگەیاندووە،، بازاڕی وزە لە داهاتووشدا رووبەڕووی لێدوانی ناڕاست دەبێتەوە کە لە لایەن بێسنتەوە لە رێگەی میدیاکانی وەک بڵاودەکرێنەوە؛ وەک دەنگۆی سەرلەنوێ کردنەوەی گەرووی هورمز و هەواڵی هاوشێوە.

قالیباف جەختیکردەوە،، پێویستە بازرگانان و مامەڵەکارانی بازاڕی وزە بزانن ئەم رێکارانەی ئەمریکا بێکاریگەرن و گوتی: بازاڕی وزە چیتر گوێ بە لێدوانەکانی وەزیری گەنجینە نادات و هیچ بژاردەیەکیان لەبەردەمدا نییە جگە لە داننان بە مافەکانی گەلی ئێران. گوتیشی، بەردەوامیی حکوومەتی ئەمریکا لەسەر سیاسەتی خۆسەپێنی، دەرەنجامەکەی تەنیا بەتاڵکردنەوەی یەدەگە ستراتیژییەکانی ئەمریکا و بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت دەبێت.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە کۆتایی لێدوانەکەیدا هۆشدارییەکی توندی دایە بازاڕەکانی جیهان و گوتی: قایشی سەلامەتیتان ببەستن و خۆتان بۆ نرخی زۆر بەرزتر ئامادە بکەن، ئەگەر حکوومەتی ئەمریکا رێڕەوی سیاسەتەکانی خۆی راست نەکاتەوە.