کاتز: لە بەرزاییەکانی عەلی تاهیر ناکشێینەوە تا حزبوڵڵا چەک دەکرێت
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی خۆی بۆ کۆنترۆڵکردنی بەرزاییەکانی عەلی تاهیر لە باشووری لوبنان ئامادە دەکات، هاوکات دووپاتیکردەوە، ئیسرائیل لەو ناوچە ئەمنییە ناکشێتەوە پێش ئەوەی حزبوڵڵا لە سەرانسەری لوبناندا چەک بکرێت.
یەکشەممە 13ـی ئەیلوولی 2026، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تێلیگرام بڵاویکردەوە و رایگەیاند: "وڵاتەکەی دوای لەناوبردنی چەکداران و تەقاندنەوەی تۆڕی تونێلەکانی حزبوڵڵا لە بەرزاییەکانی عەلی تاهیر دەکات، هاوکات سوپای ئیسرائیل لە رووی ئۆپەراسیۆنییەوە ئامادەکاری دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو بەرزاییانە، بە مەبەستی رێگریکردن لە هەر هەوڵێکی حزبوڵڵا یان هەر لایەنێکی دیکە بۆ گەڕانەوە و خۆجێگیرکردن تێیدا".
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەڕەشەی لەناوبردنی لە هەر کەسێک کرد کە روو لەو ناوچەیە بکات و گوتی: "هەر کەسێک لە بەرزاییەکانی عەلی تاهیر نزیک ببێتەوە، دەستبەجێ لە ناو دەبرێت".
یسرائیل کاتز روونیکردەوە، بەرزاییەکانی عەلی تاهیر بەشێکن لە "هێڵی زەرد" و ئەو ناوچە ئەمنییەی لە ئێستادا ئیسرائیل لە ناو خاکی لوبناندا کۆنترۆڵی کردووە، رووبەرەکەی دەگاتە نزیکەی 700 کیلۆمەتر چوارگۆشە، هەروەها رایگەیاند، ئەم ناوچەیە لە کەناراوەکانی دەریا لە رۆژئاواوە دەست پێدەکات و بە قەڵای شەقیفدا تێپەڕ دەبێت تا دەگاتە ناوچەی چیای شێخ (حەرموون) لە رۆژهەڵات.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە، سوپای وڵاتەکەی لە ناوچە ئەمنییەکە ناکشێتەوە و سەرلەنوێ بڵاوە بە هێزەکانی ناکاتەوە تا ئەو کاتەی حزبوڵڵا لە هەموو ناوچەکانی لوبنان چەک دەکرێت، و گوتیشی هێزەکانیان بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ لێدانی چەکدارانی حزبوڵڵا و لەناوبردنی بنکە سەربازییەکانیان لەسەر زەوی و لەژێر زەویدا.
راگەیاندنی لەناوبردنی تۆڕێکی تونێل ئیسرائیل دەڵێت بارەگای سەرکردایەتیی حزبوڵڵا بووە لە باشووری لوبنان، وەک گورزێکی نوێ بۆ سەر ئەو گرووپە دادەنرێت، سەرەڕای ئەوەی لە ماوەی کەمتر لە سێ ساڵدا حزبوڵڵا رووبەڕووی دوو جەنگی قورس لەگەڵ ئیسرائیل بووەتەوە و بەشێکی زۆر لە سەرکردە باڵاکان، چەکداران و ژێرخانە سەربازییەکەی لەدەستداوە.