ئەنەکەسە کوشتنی گەنجێکی کورد سەرکۆنە دەکات

ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا، داوای لە حکوومەتی سووریا کرد، پێداچوونەوە بە بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی سووتەمەنیدا بکات و شایستە داراییەکانی جووتیاران خەرج بکات، هاوکات تاوانی رفاندن و کوشتنی گەنجێکی کوردی بە ناوی "سیپان" بە توندی ئیدانە کرد و هۆشداریی لە تەشەنەسەندنی گوتاری رق و کینە و فیتنەی نەتەوەیی لە نێوان پێکهاتەکاندا دا.

یەکشەممە 13ـی ئەیلوولی 2026، لە راگەیەندراوەکەی ئەنەکەسەدا هاتووە، دوای رووخانی رژێم و دەستبەکاربوونی حکوومەتی ئێستا، سووریا هەنگاوی گرنگی بەرەو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، دەرچوون لە گۆشەگیری و هەڵگرتنی سزاکان ناوە، بەڵام ئەم کرانەوەیە تا ئێستا بە شێوەیەکی بەرچاو لەسەر ژیان و بژێویی رۆژانەی هاووڵاتییان رەنگی نەداوەتەوە.

ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد تیشکی خستە سەر ئەوەی، بڕیارە یەک لە دوای یەکەکانی حکوومەت بۆ بەرزکردنەوەی نرخی سووتەمەنی دوایینیان لە 13ـی ئەیلوول دەرکراوە، بە بیانووی بەرزبوونەوەی نرخ لە بازاڕەکانی جیهان، لەگەڵ دواکەوتنی شایستە داراییەکانی جووتیاران بۆ ماوەی سێ مانگ، بارگرانییەکی قورسی دارایی لەسەر شانی خەڵک دروستکردووە، لەبەر ئەوە داوا لە حکوومەت دەکات نرخی سووتەمەنی دابەزێنێت، پاڵپشتیی کەرتی کشتوکاڵ بکات و پەلە لە خەرجکردنی پارەی جووتیاراندا بکات، بەتایبەت لە بەروبانگی وەرزی زستان و زیادبوونی پێداویستی بە سووتەمەنی.

سەبارەت بە دۆخی ئەمنی ناوچەکە، ئەنەکەسە رایگەیاند، سستی لە گەڕانەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت و پەرەسەندنی گوتاری توندڕەوی کردووە و تاوانی کوشتنی گەنجی کورد "سیپان"، کارمەندی سەر بە وەزارەتی بەرگریی بە توندی ئیدانەکرد دوای رفاندنی، بە بیانووی تۆڵەسەندنەوە بە شێوەیەکی دڕندانە کوژراوە. ئەنجوومەنەکە داوای لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و شەفاف دەکات بۆ ئاشکراکردن و دادگاییکردنی بکەرانی ئەو تاوانە.

هەروەها ئەنەکەسە رەخنەی توندی لە گوتاری هاندەرانەی عەشایەری و نەتەوەیی گرت و هێرشەکانی گرووپی لاوانی شۆڕشگێڕی بۆ سەر دامەزراوەکانی دەوڵەت و هێزە ئەمنییەکان سەرکۆنە کرد، هاوکات هاوخەمیی خۆی بۆ قوربانییانی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی زیندانی کۆبانێ پێشان دا.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، ئەنەکەسە جەختیکردەوە، بەرپرسیارێتیی یاسایی و تاوانکاری دەکەوێتە ئەستۆی بکەرانی تاوانەکان نەک تەواوی پێکهاتەیەک، هەموو هەوڵێک بۆ تێکدانی برایەتی و دروستکردنی فیتنە لە نێوان کورد و عەرەب لە ناوچەی جەزیرە رەتدەکاتەوە. داواشی لە دەوڵەت کرد بە رێگریکردن لە چەکی بێ مۆڵەت و چەسپاندنی سەروەریی یاسا، ئاشتیی کۆمەڵایەتی بپارێزێت و دەوڵەتێک لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون، یەکسانی و دادپەروەری بۆ هەمووان بنیاتبنێت.