بەهۆی سەرپێچی لە گەرووی هورمزدا ئێران 77 کەشتی دەخاتە لیستی سزاکانەوە
دەستەی بەڕێوەبردنی رێڕەوی ئاویی کەنداو لە لایەن ئێرانەوە بە مەبەستی رێکخستنی هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز دامەزراوە، بڕیاریدا 77 کەشتی بەهۆی کردنی سەرپێچی لە گەرووی هورمز بخاتە لیستی سزاکانەوە.
دەستەکە لە راگەیەندراوێکدا، ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی ئەیلوولی 2026، سەبارەت بە سەرپێچییەکانی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز روونیکردەوە، سزاکان تەنیا ئەو کەشتییانە ناگرێتەوە کە سەرپێچییان کردووە، بەڵکو ئەو کەشتی و کۆمپانیایانەی دڵنیاییش دەگرێتەوە هاوکارییان لەگەڵدا دەکەن، بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەکی ورد لەبارەی ناسنامە و ئاڵای وڵاتانی خاوەنی کەشتییەکان یان سروشتی ئەو سزایانە بخاتە روو.
ئەم هەنگاوەی تاران لە درێژەی ئەو ئاڵۆزییە سەربازی و سیاسییانەدایە کە لە 28ـی شوباتی 2026 بە دەستپێکردنی جەنگ لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دژی ئێران سەریهەڵدا، جەنگێک داخستنی گەرووی هورمزی لە لایەن ئێرانەوە لێکەوتەوە وەک یەکێک لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی هەناردەکردنی نەوت و گازی جیهان، لە بەرامبەریشدا ئێران زنجیرەیەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و چەندین پێگە و بنکەی ئەمریکی لە ناوچەکەدا، لەنێویاندا لە ئوردن و وڵاتانی کەنداو، کە بووە هۆی کەوتنەوەی زیانی مادی و گیانی.
هەرچەندە لە 17ـی حوزەیرانی 2026 هەردوو حکوومەتی واشنتن و تاران یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئابادیان بۆ راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و دەستپێکردنی رێوشوێنەکانی کردنەوەی گەرووی هورمز بە رووی کەشتیوانیدا واژۆ کرد، بەڵام دواتر جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بەهۆی ناکۆکی لەسەر شێوازی کەشتیوانی لە گەرووەکەدا تووشی ئاستەنگ هات، لە مانگی تەمووزی رابردوودا جارێکی دیکە گرژی و رووبەڕووبوونەوەکان لە ناوچەکەدا سەریان هەڵدایەوە.