گەمارۆدانی نەوتی سعوودیە و هەڵکشانی نرخەکان

سعوودیە لە نێوان لەکارکەوتنی بۆریی 'رۆژهەڵات-رۆژئاوا' و کۆنترۆڵکردنی دوورگەکانی دەریای سوور لەلایەن حووسییەکانەوە

لێدانێکی قورس بەر کەرتی نەوتی سعوودیە دەکەوێت؛ لە کاتێکدا هێڵی ستراتیژیی بۆریی "رۆژهەڵات-رۆژئاوا" بەهۆی هێرشێکەوە بۆ ماوەی چەندین هەفتە لە کار دەوەستێت، چەکدارانی حووسی دەستیان بەسەر چەندین دوورگەی چارەنووسساز لە دەریای سووردا گرتووە، ئەمەش هەناردەی نەوتی گەورەترین هەناردەکاری جیهانی رووبەڕووی گەمارۆیەکی بێوێنە کردووەتەوە و نرخی نەوتی برێنتی گەیاندە سەرووی 109 دۆلار.

بەگوێرەی زانیاریی دوو بەرپرسی ئاگاداری ناوچەکە بۆ ئاژانسی "ئەسۆشیەیتد پرێس"، هێڵی بۆریی نەوتی سەرەکیی سعوودیە کە درێژییەکەی هەزار و 200 کیلۆمەترە و نەوتی خاو لە کەناراوەکانی کەنداوەوە دەگوازێتەوە بۆ بەندەری یەنبوع لەسەر دەریای سوور، بۆ ماوەی سێ تا پێنج هەفتە بە تەواوی لەکار دەکەوێت بە مەبەستی چاککردنەوەی ئەو زیانە گەورانەی بەر وێستگەیەکی سەرەکیی پەمپکردنی کەوتووە.

سعوودیە هۆکاری لەکارکەوتنی بۆرییەکەی بۆ هێرشێکی درۆنیی گرووپە چەکدارەکانی عێراق گەڕاندووەتەوە. ئەم هێڵە رۆژانە نێوان 2.6 بۆ 4 ملیۆن بەرمیل نەوتی دەگواستەوە تاوەکو لە دەربازگەی بەدیلی گەرووی هورمزەوە هەناردە بکرێت، بەڵام بەپێی شیکارییەکانی کۆمپانیای ریستاد ئینێرجی، پچڕانی ئەم بڕە نەوتە دەبێتە هۆی کورتهێنانی گەورە لە بازاڕەکاندا و بازدانی نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ سەرووی 109 دۆلار، نیشانەی روونی ئەو مەترسییەیە کە رووی لە دابینکردنی وزەی جیهانی کردووە.

حووسییەکان دەست بەسەر دوورگە ستراتیژییەکانی دەریای سووردا دەگرن

هاوکات لەگەڵ پەککەوتنی هێڵی بۆرییەکە، چەکدارانی حووسی، دەستیان بەسەر هەردوو دوورگەی گرنگی حەنیشی گەورە و حەنیشی بچووک لە دەریای سووردا گرتووە، کە تەنیا 160 کیلۆمەتر لە باکووری گەرووی بابولمەندەبەوە دوورن. ئەم پێشڕەوییە سەربازییە لە کاتێکدایە کە حووسییەکان هەفتەی رابردوو شاری بەندەریی موخا و دوورگەی مەیوونیان لە ناو جەرگەی گەرووی بابولمەندەبدا کۆنترۆڵ کردبوو، ئەمەش پێگەی چەکدارەکانی بە تەنیا 32 کیلۆمەتر لە بنکە سەربازییەکەی ئەمریکا لە وڵاتی جیبۆتی نزیک کردووەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان رایگەیاند، بە دەیان مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بنکەی ئاسمانیی شا خالیدیان لە شاری خەمیس موشەیتی باشووری سعوودیە بۆردوومان کردووە و کۆگاکانی چەک و سیستمە رادارییەکانیان پێکاوە.

تەنگژەی گەیاندنی نەوت بە کڕیارانی ئاسیا

ململانێکانی ناوچەکە بە شێوەیەکی بەرچاو ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی سعوودیەی دابەزاندووە، بە جۆرێک بەپێی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، بەرهەمهێنانی ئەو وڵاتە لە نزیکەی 10 ملیۆن بەرمیلەوە بۆ 6 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا کەمی کردووە.

لە کاتێکدا پێشتر بەهۆی ئاڵۆزییەکانی گەرووی هورمزەوە سعوودیە نەوتەکەی رەوانەی دەریای سوور دەکرد، بەڵام ئێستا بەهۆی کۆنترۆڵکردنی بابولمەندەب و هێرشەکانی حووسییەکان، کەشتییە نەوتهەڵگرەکان ناچارن روو لە باکووری دەریای سوور و نۆکەندی سوێس بکەن تا بە دەوری کیشوەری ئەفریقادا بسووڕێنەوە، ئەمەش کات و تێچووی گەیاندنی نەوتی بە کڕیارە سەرەکییەکانی وڵاتەکە لە ئاسیا بە شێوەیەکی بێپێشینە بەرز کردووەتەوە و هەناردەکردنی نەوتی بە تەواوی خستووەتە ژێر مەترسییەوە.

هەڵگیرسانەوەی جەنگ و کارەساتێکی نوێی مرۆیی لە یەمەن

پێشڕەوییە سەربازییەکانی حووسییەکان ئاگربەستە لەرزۆکەکەی ساڵی 2022ـی لەناوبردووە و یەمەنی پەلکێشی ناو جەنگێکی خوێناویی نوێ کردووەتەوە.

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) ئاشکرای کرد، تەنیا لە هەفتەی رابردوودا زیاتر لە 500 کەس لە ناوچە جیاوازەکانی یەمەن بەهۆی پێکدادانەکانەوە کوژراون. رێکخراوە مرۆییەکان هۆشداری دەدەن لەوەی زیاتر لە 94 هەزار هاووڵاتی لە ناوچەکانی تەعز و کەناراوەکان ئاوارە بوون و تەواوی هەندێک گوند چۆڵکراون؛ هاوکات بەهۆی نەبوونی خۆراک و ئاو، نزیکەی 200 قوتابخانە لە باشووری رۆژئاوای یەمەن کراونەتە پەناگە بۆ حەواندنەوەی ئەو خێزانانەی لە ترسی شەڕ هەڵاتوون، ئەمەش مەترسیی دووبارە سەرهەڵدانەوەی قەیرانی برسییەتی لەو وڵاتەدا بەهێزتر کردووە.