سێنتکۆم: کەشتییە نەوتهەڵگرەکە بە مووشەک و درۆن کراوەتە ئامانج نەک مین

فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) ئەو بانگەشانەی سوپای پاسدارانی ئێرانی رەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن نەوتهەڵگرێک لە گەرووی هورمز بەهۆی مینێکی دەریاییەوە ئاگری گرتبێت. سێنتکۆم رایدەگەیەنێت، نەوتهەڵگرەکە پێشتر دوو جار لەلایەن ئێرانەوە هێرشی کراوەتە سەر.

لە راگەیەندراوێکدا، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا گێڕانەوەکەی سوپای پاسدارانی ئێران سەبارەت بە نەوتهەڵگری "ئێل گایا" کە هەڵگری ئاڵای پەنەمایە بە بێ بنەما ناوبرد. بەگوێرەی زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا، ئەم نەوتهەڵگرەی مانگی رابردوو بە مووشەکێکی ئێرانی کراوەتە ئامانج و لەکارخراوە.

سێنتکۆم ئەوەشی ئاشکرا کردووە، لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا، لەکاتێکدا نەوتهەڵگرەکە لە کەناراوەکانی عومان لەنگەری گرتبوو، ئێران جارێکی دیکە و لە رێگەی درۆن کردوویەتییە ئامانج. ئێستاش پرۆسەی راکێشانی نەوتهەڵگرەکە بە هاوکاریی وڵاتێکی هاوبەشی هەرێمی بەڕێوەدەچێت، بێ ئەوەی ناسنامەی ئەو وڵاتە و شوێنی راکێشانی نەوتهەڵگرەکە ئاشکرا بکرێت.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەیدا، سێنتکۆم سوپای پاسدارانی ئێرانی تۆمەتبار کرد بە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و بانگەشەی ناڕاست، هەروەها هەوڵدان بۆ ترساندنی کەشتییە بازرگانییەکان و دروستکردنی ئاستەنگ بۆ جووڵەی بازرگانی و هاتوچۆ لە گەرووی هورمز.

ئێوارەی دوێنێ (دووشەممە)، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند؛ نەوتهەڵگری "ئێل گایا" بەهۆی هەوڵدانی بۆ تێپەڕبوون لە ناوچە قەدەخەکراوەکانی باشووری گەرووی هورمز، بەر مینێکی دەریایی کەوتووە و ئاگری گرتووە.

سوپای پاسداران لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "پێشتر هۆشداریمان دابوو لە مەترسیی تێپەڕین لە رێڕەوی باشوور کە نایاساییە. ئێستا رایدەگەیەنین گەرووی هورمز داخراوە و بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵی ئێمەدایە". هەروەها سوپاکە ئاماژەی بەوە کرد کە هەموو هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەی سەر نەوتهەڵگری "ئێل گایا" بێ ئەنجام بوون و ئاگرەکە تەواوی تانکەرەکەی گرتووەتەوە.