رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی: بەهۆی شەڕەوە 94 هەزار کەس لە یەمەن ئاوارەبوونە
رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی دووپاتیدەکاتەوە، بەهۆی شەڕەوە نزیکەی 94 هەزار کەس لە یەمەن ئاوارە بوون.
لە راگەیەندراوێکدا رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتییی رایگەیاند، بەهۆی چڕبوونەوەی شەڕی ئەم مانگەی نێوان چەکدارانی حووسی و هێزەکانی سەر بە حکومەتد شەرعی، نزیکەی 94 هەزار کەس لە یەمەن ئاوارە بوون؛ کە زۆرترین زیان بەر هەردوو پارێزگای تەعز و لەحج کەوتووە و زیاتر لە 48 هەزار کەس لەو دوو ناوچەیە دەربەدەر بوون.
رێکخراوی ناوبراو داوای هاوکاریی بەپەلەی مرۆیی بۆ دابینکردنی پەناگە، ئاو و پێداویستییە تەندروستییەکان دەکات، و ئاشکرای کردووە، زیاتر لە دوو هەزار کەسیش لە رێگەی دەریاوە بەرەو جیبۆتی هەڵاتوون.
ئەم گرژییانە مەترسیی گەڕانەوەی تەواوەتیی یەمەنی بۆ نێو جەنگێکی ناوخۆیی خوێناوی هاوشێوەی ساڵانی رابردوو دروستکردووەتەوە، کە پێش ئاگربەستی ساڵی 2022 گیانی 150 هەزار کەسی سەندبوو؛ بەتایبەت کە پێشڕەوییە مەیدانییەکانی ئێستای چەکدارانی حووسی، رێڕەوە ستراتیژییەکانی کەشتیوانییان لە دەریای سووردا خستووەتە ژێر مەترسییەوە.