پنتاگۆن: جەنگی ئێران بووەتە هۆی کەمبوونەوەی تەقەمەنییەکانی ئەمریکا
راپۆرتێکی نوێی چاودێریی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا ئاشکرای دەکات جەنگی ئێران بووەتە هۆی کەمبوونەوەی هەندێک لە تەقەمەنییەکانی ئەمریکا.
راپۆرتەکە یەکەم هەڵسەنگاندنی گشتیی حکوومەتی ئەمریکایە لە سەر جەنگەکە، ماوەی لە 28ـی شوباتی 2026 تا 30ـی ئایاری ئەمساڵ.
بەپێی ئەو راپۆرتە، جەنگەکە نزیکەی 33.4 ملیار دۆلار لەسەر ئەمریکا کەوتووە، لەو بڕەش 22.3 ملیار دۆلار بۆ تەقەمەنییە بەکارهێنراوەکان، 3.7 ملیار دۆلار بۆ زیان و لەدەستدانی کەرەستەکان، و 7.4 ملیار دۆلار بۆ خەرجییەکانی دیکەیە.
راپۆرتەکە ئەوەش ئاشکرا دەکات، کە زیاتر لە 20 هەزار سەرباز و کارمەندی دیپلۆماسیی ئەمریکا لە ناوچەکە جێگۆڕکێیان پێکراوە، هەروەها هێزەکانی ئەمریکا تا پێنج هەزار فڕۆکەیان لە بنکەکانی ئەورووپا بۆ پشتگیریی جەنگەکە بەکار هێناون.
کەمبوونەوەی تەقەمەنییەکان لە کاتێکدا پشتڕاست کراوەتەوە کە وەزیری بەرگریی ئەمریکا، پیت هێگسێت، پێشتر ئەو هەواڵەی رەت کردبووەوە.
جەنگەکە هەروەها زیانی گەورەی بە کەرەستە و فڕۆکە سەربازییەکانی ئەمریکا گەیاندووە، لەوانە لەناوچوون یان زیانگەیشتن بە چوار فڕۆکەی ئف 15 ئی، یەک فرۆکەی ئێف 35 و یەک فرۆکەی ئەی-10، لەگەڵ 12 فڕۆکەی سووتەمەنیپڕکەرەوەی کەی-سی 135 و 9 فڕۆکەی دیکە.
راپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات کە زیاتر لە 30 درۆنی ئێم کیو ناین-یش لەدەست چوون.
پێشتر ئێن بی سی نیوز-ی ئەمریکی لە مانگی تەممووزدا بە پشتبەستن بە سێ بەرپرسی ئەمریکی و سێ کەسی ئاگادار لە هەژمارە ناوخۆییەکان، تێچووی جەنگەکەی بە 80 تا 100 ملیار دۆلار هەڵسەنگاندبوو.