یاسای کۆن یان دەستوور؛ تۆپەکانی وەستا رەجەب لە بەغدان یان تاڵان کراون؟

تۆپێکی وەستا رەجەب
تۆپێکی وەستا رەجەب

دوای نەمانی میرنشینی سۆران، بەشێک لە کەرستە سەربازییەکانی ئەو میرنشینە لەناو بردران. ئێستا تۆپێکی وەستا رەجەب بووەتە حیکایەتخوانی مێژووی ئەو سەردەمە. 

هێرشی عوسمانییەکان بۆ سەر میرنشینی سۆران لە ساڵی 1836 زۆر شتی لەناو برد و کەرستە سەربازییەکانیش لەو وێرانکارییە بێبەش نەبوون. بەشێک لەو کەرستە سەربازییانەی وەستا رەجەب دروستیکردبوون، لەناو بردران و بەشێکیان خرانە ناو خەرەندی رواندز؛ ئەو خەرەندەی کە زۆر نهێنیی مێژووی لە نێوخۆیدا هەڵگرتووە.

ئێستا تۆپێکی وەستا رەجەب لە رواندز داندراوە و مێژووی میرنشینی سۆران بۆ خەڵک و گەشتیاران دەگێڕێتەوە؛ ئەو میرنشینەی (نێوان ساڵانی 1813 بۆ 1836) توانی سنووری دەسەڵاتی لە رواندزەوە تا بەشێکی زۆری بادینان، هەولێر، بەردەڕەش، و ئاکرێ فراوان بکات.

گەشتیاران و تەنانەت خەڵکی ناوچەکەش هەر ئەو تۆپە دەبینن و پێیان وایە سوپا 60 هەزار کەسییەکەی میرنشینی سۆران تەنیا ئەو یەک تۆپەی هەبووە، بەڵام ژمارەکە شتێکی دیکەیە؛ ئەو سوپایە 226 تۆپی هەبووە. قایمقامی رواندز ئەو زانیارییە پشتڕاست دەکاتەوە.

ئەحمەد قادر, قایمقامی رواندز بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: میرنشینی سۆران 222 تۆپی هەبوو. کاتێک عوسمانییەکانی هێرشیان کرد، بەشێکی زۆری لەناو بران و بەشێکیشیان لەگەڵ خۆیان برد. ئێستا دوو تۆپ ماوە، یەک لە رواندز داندراوە و ئەوەی دیکەش لە بەغدایە.

قایمقامی رواندز هەڵبەت ئەوەشی ئاشکرا کرد، بەشێک لەو تۆپانە خراونەتەوە نێو خەرەندی رواندز، "بەڵام نەدۆزراونەتەوە".

قۆناخ و زانیاری لێڵ

دەگەینە قۆناخێکی دوای میرنشینی سۆران کە ناڕوونە؛ ئەویش چارەنووسی تۆپەکانی وەستا رەجەبە. قایمقمامی رواندز گوتی، "تەنیا دوو تۆپ ماوە"، بەڵام بەرپرسێک لە بەرێوەبەرایەتی گشتی شوێنەواری هەرێمی کوردستان، ئاشکرای دەکات، "زیاتر لە 100 تۆپی وەستا رەجەب لە بەغدان". 

جەمال جەمیل ئەسعەد، بەریوەبەری کاروباری شوێنەوار لە بەڕیوەبەرایەتی گشتی شوێنەواری هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند: 128 تۆپ لە مۆزەخانەی جەنگی بەغدان". 

ئەو، کە بڕوانامەی دکتۆرای لە پاراستن و نۆژەنکردنەوەی شوێنەوار هەیە، رایگەیاند  "تۆپەکان لە قەبارەی گەورە، مامناوەند و بچووکن". 

"مۆزەخانەی جەنگی" ساڵی 1959 لە ناوچەی ئەعزەمییەی بەغدا دامەزرا و مێژووی سوپای عێراق، کەرەستە و چەک، جلوبەرگی سەربازی و ئەنتیکەی جەنگیی قۆناغە جیاوازەکانی مێژووی عێراقی تێدا نمایش دەکرا. دوای رووداوەکانی ساڵی 2003 و تێکچوونی بارودۆخی ئەمنی، مۆزەخانەکە زیانی بەرکەوتوو و بەشێکی تاڵان کرا، بۆیە بۆ ماوەیەکی درێژ داخرا. دواتر هەندێک هەوڵ بۆ پاراستنی پارچە مێژوویییەکان و گواستنەوەیان بۆ شوێنی پارێزراوتر درا. 

کوردستان24 لە بەدواداچوونەکاندا بە تەواوی بۆی دەرکەوت کە ژمارەی تۆپەکانی میرنشینی سۆران، 222 دانە بووە، بەڵام نەیتوانی ئەوە بە تەواوی پشتڕاست بکاتەوە کە زیاتر لە 100 تۆپ، ئێستاش لە بەغدایە؛ بەتایبەت کە ئەو تۆپانە لە "مۆزەخانەی جەنگی" داندرابوون و دواتر لە 2003 بەشێکی مۆزەخانەکە تاڵان کرا. 

چارەنووسی پارچە شوێنەوارییەکان

هەر تۆپەکانی وەستا رەجەب نین کە چارەنووسیان نادیارە، بەڵکو وەک بەرپرسانی پەیوەندیدار ئاشکرای دەکەن، چەندین پارچە شوێنەواری کوردستان لە بەغدان و تا ئێستاش نەگەڕێندراونەتەوە. 

چیایی تەیموور و نەهلە ئەفەندی، ئەندامانی لیژنەی شینەوار، راگەیاندن و رۆشنبیری لە خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق، ئاشکرای دەکەن، هیچ بەرپرسێکی پەیوەندیدار لە هەرێمی کوردستان بۆ پرسی گەڕانەوەی پارچە شوێنەوارییەکانی کوردستان، قسەیان لەگەڵ نەکردوون. چیایی تەیموور بە کوردستان24ـی گوت: کەس ئێمەی ئاگادار نەکردووەتەوە.

یەک لە هۆکارەکانی دڵساردی بەرپرسانی پەیوەندیدار لە هەرێمی کوردستان بۆ بەدواداچوونی ئەو دۆسیانە، ئەوەیە کە بابەتی شوێنەوار "سیادی"یە، بەڵام مادەکانی دەستووری هەمیشەیی عێراق شتێکی دیکە دەڵێن. 

لە بڕگەی چوارەمی مادەی 114ـی دەستووردا،  ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی شوێنەوارەکان، وەک "دەسەڵاتی هاوبەش" داندراوە. بەو پێیەی هاوبەشە، دەسەڵاتی فیدراڵی مافی ئەوەی نییە بە شێوەیەکی تاکلایەنە بڕیار لەسەر دەستبەسەرداگرتنی پارچە شوێنەوارییەکانی هەرێمێک یان پارێزگایەک بدات یان لە موزەخانە ناوخۆییەکانیان بێبەشیان بکات.

هەروەها لە مادەی 115ـی دەستووردا، روونکراوەتەوە کە سەرجەم ئەو بابەتانەی دەسەڵاتی سیادیی رەها نین (واتە دەسەڵاتی هاوبەشن یان تایبەتن بە هەرێم)، لە کاتی هەبوونی جیاوازی یان ناکۆکیدا، یاسا و ئیرادەی هەرێمی کوردستان لە پێشینەترە.

هاوکات بڕگەی یەکەمی مادەی 121 ماف دەداتە دەسەڵاتەکانی هەرێم بۆ پەیڕەوکردنی دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری لە رێکخستنی کاروباری ناوخۆیی خۆیاندا. بە پێی ئەو مادەیە، شوێنەوارێک کە لە خاکی هەرێمی کوردستاندا دۆزراوەتەوە، موڵکی گشتی و بوارێکی کەلتووریی ناوخۆیی هەرێمەکەیە.

راستییەکە چییە؟

حکوومەتی فیدراڵی زۆرجار پشت بە یاسای کۆنی شوێنەوار و کەلەپوور (یاسای ژمارە 55ـی ساڵی 2002) دەبەستێت کە پیش پەسەندکردنی دەستوور دەرچووە و سسیتەمێکی ناوەندی توند پەیڕەو دەکات. بەپێی ئەو یاسایە هەموو شوێنەوارێک دەبێت بگەڕێنرێتەوە بۆ مۆزەخانەی نیشتمانی لە بەغدا.

ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ڕووی یاساییەوە، بەپێی ماددەی 141ـی دەستووری هەمیشەیی عێراق کە ساڵی 2005 لە ریفراندۆمێکدا زۆرینەی دەنگی خەڵکی بەدەست هێنا، یاسا کۆنەکان تەنها تا ئەو شوێنە کاران کە دژ و پێچەوانەی دەستوور نەبن.

بەم پێیە، لەبەری ئەوەی یاسای ژمارە 55ـی ساڵی 2002 لەگەڵ ماددەی 114 و 115ی دەستووردا ناکۆکە، دەستوور لە سەرووی یاسا کۆنەکەوەیە، بۆیە ئەو مادە یاساییە پێویستی بە هەموارکردنەوەیە.