کۆمارییەکان لە بارەی جەنگی ئێراندا دژی ترەمپ دەنگ دەدەن

 ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەنگی بە بڕگەیەک دا کە سەرۆکی ئەمریکا ناچار دەکات کۆتایی بە جەنگی ئێران بهێنێت، بەپێی راپۆرتێکی سی ئێن ئێن، ئەمە وەک لێدانێکی سیاسیی بەهێز بۆ شێوازی بەڕێوەبردنی جەنگەکە لەلایەن ئیدارەکەوە هەژمار دەکرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2026، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، بە سەرۆکایەتیی دیموکراتەکان و بە پاڵپشتیی ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆمارییەکان، بۆ سێیەم جار ترەمپ ناچار دەکەن کۆتایی بەجەنگی ئێران بهێنێت، دیموکراتەکان ئەم دەنگدانە بە گرنگترین هەنگاوی خۆیان وەسف دەکەن، چونکە یەکێکە لە دواین دەنگدانەکان کە ئەنجوومەنی نوێنەران بەر لە هەڵبژاردنی تشرینی دووەم دەیکات.

لە دەنگدانەکەدا حەوت کۆماری پشتگیرییان لەم دەنگدانە کرد، پێشتر کۆمارییەکان بە چوار دەنگ پشتگیریان لەو بڕیارە دەکرد بەڵام ئەمجارە تێژەکە بەرزبوویەوە بۆ حەوت دەنگ، سەرکردەکانی کۆماری لە ئەنجوومەنی نوێنەران بەشێوەیەکی فەرمی گوشار ناخەنە سەر ئەندامانیان بۆ ئەوەی هەڵوێستێکی دیاریکراو لەبارەی ئەم جۆرە بڕیارانە وەربگرن، بەڵام ترەمپ بە توندی هێرشی کردە سەر ئەو کۆمارییانەی لەم پرسەدا دژی ئەو دەنگیان داوە و رایگەیاند، ئەم بابەتە بە تاقیکردنەوەیەکی راستەقینەی ئاستی وەفاداری بۆ خۆی دەبینێت.

یەکێک لە هەوڵەکانی پێشووی کۆنگرێس بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتە سەربازییەکانی ترەمپ لەبارەی ئێران بە گۆڕانکارییەکی کتوپڕ کۆتایی هات، کاتێک لە سەرەتادا ژمارەیەکی پێویست لە کۆمارییەکانی ئەنجوومەنی پیران دەنگیان بۆ تێپەڕاندنی رێکارەکە دا، بەڵام گوشارەکانی کۆشکی سپی لە کۆتاییدا یەکێک لە ئەندامە کۆمارییەکانی ئەنجوومەنی پیرانی ناچار کرد دەنگەکەی بگۆڕێت.

تا ئێستا روون نییە ئایا ئەنجوومەنی پیران دەنگی پێویستی بۆ تێپەڕاندنی رێکارەکە دەبێت یان نا، بەڵام دیموکراتەکان پلانیان هەیە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا هەوڵێکی دیکە بدەن.