باڵەخانەیەک لە غەززە بەسەر ئاوارەکاندا داڕما و زیاتر لە 100 قوربانی هەیە
باڵەخانەیەکی شەش نهۆمی لە غەززە بەسەر دەیان خێزانی ئاوارەدا داڕما و بەهۆیەوە 14 کەس گیانیان لەدەست دا و نزیکەی 100 کەسی دیکەش بێسەروشوێنن.
بەها تووباسی، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرتی غەززە رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2026، باڵەخانەیەکی شەش نهۆمی لە ناوچەی پیشەسازی لە باشووری رۆژئاوای شاری غەززە بەسەر دانیشتووانەکەیدا داڕما. ئەو باڵەخانەیە پێشتر لە کاتی جەنگدا بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیلەوە زیانی پێگەیشتبوو و ببووە شوێنی حەوانەوەی دەیان خێزانی ئاوارە.
پەیامنێری کوردستان24 باسی لەوەش کرد، بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، تاوەکوو ئێستا 14 کەس گیانیان لەدەست داوە، ئافرەت و منداڵ لە نێو قوربانییەکاندان، هەروەها 25 کەسی دیکە بریندار بوون. هاوکات نزیکەی 100 کەس لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکەدا بە بێسەروشوێنی ماونەتەوە کە زیاتر لە 50ـیان منداڵن.
بە گوتەی پەیامنێری کوردستان24، تیمەکانی بەرگریی شارستانی و شارەوانی بە ئامێری زۆر سەرەتایی و سنووردار کار دەکەن. گوتیشی، بەهۆی کەمیی ئامێرەکانەوە رەنگە پرۆسەی بەهاناوەچوون و رزگارکردنی قوربانییان زیاتر لە سێ رۆژ بخایەنێت، سەرەڕای ئەوەی گوێیان لە دەنگی ئەو هاووڵاتییانە دەبێت لەژێر داروپەردووەکەدا گیریان خواردووە و داوای یارمەتی دەکەن.
لەم بارەیەوە بەرگریی شارستانیی غەززە لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوە کرد، ئیسرائیل رێگە نادات ئامێر و کەلوپەلی قورس بۆ رزگارکردنی لێقەوماوان ببرێتە نێو کەرتی غەززە.
جەنگی غەززە لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2023ـەوە وێرانکارییەکی بێپێشینەی لە ژێرخانی ئەو کەرتەدا دروست کردووە. بەپێی راپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە مافپەروەرییەکان، رێژەیەکی زۆری یەکەکانی نیشتەجێبوون لە کەرتی غەززە بە تەواوی وێران بوون یان زیانی گەورەیان بەرکەوتووە و بۆ ژیان شیاو نین.
سەرەڕای مەترسییەکان، سەدان هەزار ئاوارەی فەلەستینی بەهۆی نەبوونی کەمپ و شوێنی سەلامەت، ناچارن لەنێو ئەو باڵەخانە نیوەڕووخاوانەدا بمێننەوە. ئەم باڵەخانانە بەهۆی بۆردوومانە بەردەوامەکانەوە بناغەکانیان لاواز بووە و زۆرجار بەبێ هیچ هۆشداریدانێک دەڕووخێن.
قەیرانەکە کاتێک قورستر دەبێت تیمەکانی فریاگوزاری و بەرگریی شارستانی بەدەست نەبوونی سووتەمەنی و کەرەستەی رزگارکردنەوە دەناڵێنن. گەمارۆی توندی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، رێگری لە چوونەناوەوەی ئامێری قورس و کەلوپەلی فریاگوزاری دەکات، ئەمەش وای کردووە هەزاران تەرم و کەسی بێسەروشوێن لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندا بمێننەوە و دەرهێنانیان ئەستەم بێت. لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستانیش، مەترسیی سەرهەڵدانی کارەساتی مرۆیی گەورەتر لەسەر ژیانی ئاوارەکان زیاتر دەبێت.