وۆڵ ستریت جۆرناڵ: کۆگاکانی چەکی ستراتیژیی ئەمریکا نزیکە لە خاڵیبوون
رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی، بڵاویکردەوە، جەنگ لەگەڵ ئێران بووەتە هۆی دروستبوونی کەمی و کورتهێنانی بەرچاو لە کۆگاکانی چەکی ستراتیژیی ئەمریکادا، هاوکات پشکنەری گشتیی وەزارەتی جەنگی ئەمریکاش لەم هەفتەیەدا پشتڕاستی کردووەتەوە، بەردەوامیی پێکدادانەکان بووەتە هۆی پاشەکشەی یەدەگی ستراتیژی و کەموکوڕیی گەورەی لە توانای کارگەکانی بەرهەمهێنانی چەک بۆ پڕکردنەوەی بەپەلەی جبەخانەکان ئاشکرا کردووە.
چوارشەممە 16ـی ئەیلوولی 2026، بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، واشنتن و تاران لە رکابەرییەکی تونددان لە نێوان توانای بەردەوامی ئێران بۆ هاویشتنی مووشەکی بالیستی و یەدەگی مووشەکە بەرگرییەکانی ئەمریکا بۆ خستنەخوارەوەیان، بە جۆرێک ئێران توانیویەتی ئەو مووشەکانە دەربهێنێتەوە کە لە سەرەتای جەنگدا لە دامەزراوە ژێرزەمینییەکاندا بەهۆی بۆردوومانەوە گیریان خواردبوو، هەروەها لە رێگەی پارچەی یەدەگەوە دەستی بە دروستکردنی مووشەکی نوێ کردووەتەوە، لە بەرامبەردا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی رووبەڕووی قەیرانی خاوبوونەوەی هێڵی بەرهەمهێنان بوونەتەوە، ئەمەش وایکردووە فشارێکی قورس لەسەر دابینکردنی مووشەکی بەرگری لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست بێت.
راپۆرتەکەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ روونیکردووەتەوە، ئەم جەنگە بووەتە هۆی بەکارهێنان و کەمبوونەوەی بەشێکی زۆری مووشەکی بەرگری و چەکی پێشکەوتووی پێکانی وردی ئەمریکی، داڕێژەرانی سەربازیی واشنتنیش نیگەرانن لەوەی کە بەپەلە ناردنی بڕێکی زۆر لە تەقەمەنی بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەبێتە هۆی لاوازکردنی توانای بەرگریی ئەمریکا بەرامبەر هەر هەڕەشەیەکی چاوەڕوانکراو لە لایەن چین و رووسیاوە.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا رایگەیاندووە، ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەمریکا هۆشداری دەدەن لەوەی کۆگاکانی چەکی ئەمریکا لە ئەوروپا، بەتایبەت لە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت و مووشەکی "ئەتەکەمز"، هێڵی مەترسییان تێپەڕاندووە بەهۆی کەمیی یەدەگەکانیانەوە، روونیشیانکردووەتەوە، قەرەبووکردنەوە و پڕکردنەوەی دووبارەی ئەم جبەخانانە رەنگە ساڵانێکی زۆری پێویست بێت.