مایک هاکابی: جووڵەکانمان دژی ئێران بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆمانە نەک بەرگریکردن لە ئیسرائیل
باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت"ی ئیسرائیلی رایگەیاند، جووڵە سەربازی و سیاسییەکانی واشنتن دژ بە تاران لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی خودی ئەمریکادایە نەک تەنیا وەک بەرگریکردن لە ئیسرائیل، هاوکات ئەو دەنگۆیانەشی رەتکردەوە کە گوایە دۆناڵد ترەمپ لە لایەن دەسەڵاتدارانی تەلئەڤیڤەوە فریودرابێت یان پاڵپێوەنرابێت بەرەو هەڵگیرساندنی جەنگ لەگەڵ ئێران بە ئامانجی رووخاندنی دەسەڵاتی تاران.
پێنجشەممە 17ـی ئەیلوولی 2026، مایک هاکابی، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی واشنتن ئامادەیە چی بکات بۆ بەرگریکردن لە ئیسرائیل لە ئەگەری سەرهەڵدانی جەنگێکی بەرفراوانی ناوچەییدا، رایگەیاند، ئەمریکا لە ساڵی 1948ـەوە تا ئێستا هەرگیز هێزی زەمینی بۆ بەرگریکردن لە ئیسرائیل رەوانەی مەیدان نەکردووە، بەڵکو پەیوەندییەکانیان لەسەر بنەمای هاوبەشییە لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکان، گوتیشی: "رەنگە ئیسرائیل لەم هاوکێشەیەدا ژەمی پێشەکی بێت، بەڵام ژەمی سەرەکی بۆ ئێران ئەمریکایە، کاتێکیش لایەنێک بۆ ماوەی نزیکەی پەنجا ساڵ بەردەوام هاوار دەکات مەرگ بۆ ئەمریکا، پێویستە گوێی لێ بگریت و بە جدی وەریگریت". باڵیۆزی ئەمریکا باسی لەوەش کرد، لە کاتی بڕیاردان لەسەر ئۆپەراسیۆنی "نەڕەی شێر" لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی کۆشکی سپیدا ئامادە بووە و جەختی کردەوە ، ترەمپ بە دەستپێشخەری و بڕیاری تەواوی خۆی مامەڵەی کردووە نەک لەژێر گوشارەکانی ئیسرائیلدا.
سەبارەت بە دۆخی سەربازی و ئاسۆی داهاتووی جەنگەکە، هاکابی روونیکردەوە، ناتوانێت پێشبینیی هەنگاوە سەربازییەکانی داهاتوو بکات چونکە بڕیاری کۆتایی لە دەستی خودی سەرۆک ترەمپدایە، بەڵام ئێرانی بە لاوازترین دۆخی سەربازی و ئابووری لە ماوەی نیو سەدەی رابردوودا وەسف کرد. باڵیۆزی واشنتن پێناسەی "سەرکەوتنی ئەمریکا"ی بەسەر ئێراندا لە چەند مەرجێکدا دیاری کرد کە بریتین لە: دەستڕانەگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی، راگرتنی تەواوەتیی پیتاندنی یۆرانیۆم، کردنەوەی گەرووی هورمز و سنووردارکردنی توانا مووشەکییەکانی ئێران کە بە گوتەی ئەو مەوداکەی لە ماوەی ساڵی رابردوودا لە دوو هەزار کیلۆمەترەوە بۆ چوار هەزار و 100 کیلۆمەتر زیادی کردووە و دەتوانێت زۆربەی پایتەختەکانی ئەوروپا بکاتە ئامانج، هەروەها سەرسووڕمانی خۆی دەربڕی لەوەی کە وڵاتانی ئەوروپا کاردانەوەیەکی توندیان بەرامبەر ئەم مەترسییە نەبووە تەنانەت دوای لێدانی قوبرسیش.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، هاکابی پەیوەندیی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی بە پەیوەندییەکی "زۆر بەهێز و پتەو" وەسف کرد کە لەسەر بنەمای دۆستایەتییەکی کەسیی چەندین ساڵە راگیراوە، جەختیشی کردەوە، پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان واشنتن و تەلئەڤیڤ ئێستا بە شێوەیەکی بێوێنە لە بەرزترین و نزیکترین ئاستیدایە، زۆر زیاتر لەوەی خەڵکی لە جیهاندا پێشبینی دەکەن.