پیاوێکی سووری دوای 15 ساڵ ئاوارەیی گەنجینە شاراوەکەی دەردێنێتەوە

رۆژنامەی (المرصد) چیڕۆکی سەرنجڕاکێشی پیاوێکی بەسالاچووی سووری بڵاوکردووەتەوە، کە دوای زیاتر لە 15 ساڵ ئاوارەیی و دوورکەوتنەوە لە نیشتمان، گەڕایەوە بۆ ماڵە کۆنەکەی لە شاری دیمەشق، تا نهێنییەک ئاشکرا بکات کە ساڵانێکی درێژ لە ناو جەرگەی مالەکەیدا شاردرابووەوە.

چیرۆکەکە چۆن دەستی پێکرد؟

لە کۆتایی ساڵی 2011، کاتێک شەڕی ناوخۆیی لە سووریا سەری هەڵدا، ئەم پیاوە بڕیاری دا وڵات بەجێبهێڵێت و بەرەو وڵاتی کوەیت کۆچ بکات؛ بەڵام پێش رۆیشتنی، خەمێکی گەورەی لە کۆڵدا بوو؛ گەنجینەیەکی بەنرخ بوو کە لە ماڵەکەیدا هەیبوو ئەویش، پەرتووکخانە تایبەتەکەی کە سەدان پەرتووکی ئیسلامی، فکری و مێژوویی لەخۆگرتبوو.

لەو سەردەمەدا، رژێمی ئەسەد چاودێرییەکی زۆر توندی لەسەر پەرتووک و نووسراوەکان دانابوو. خاوەندارێتیکردنی بەرهەمی ئایینی یان سیاسی قەدەخەکراو، بەس بوو بۆ ئەوەی کەسێک ساڵانێکی درێژ بخرێتە زیندانەوە.

پیاوە بەسالاچووەکە بۆ ئەوەی پەرتووکەکانی لە تێکدان و دەستبەسەرداگرتن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بپارێزێت، بڕیارێکی سەیر دەدات؛ بە دەستەکانی خۆی دیوارێکی نوێ لە پێش رەفەی پەرتووکخانەکەی دروست دەکات و بە تەواوی لە چاوەکان دەیشارێتەوە، بە جۆرێک کە هەر کەسێک بێنە ژوورەوە، وابیر دەکاتەوە کە ئەوە دیوارێکی ئاسایی ماڵەکەیە.

دوای تێپەڕبوونی 15 ساڵ، ئەم پیاوە گەڕایەوە  ماڵەکەی لە دیمەشق. لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروست کردووە، تێیدا دەردەکەوێت چۆن پیاوەکە بە دەستی خۆی دیوارەکە دەڕوخێنێت و دەبینێت سەدان پەرتووکی رێکخراو و پارێزراو وەک خۆیان ماونەتەوە.

ئەم دیمەنە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بووەتە هێمایەک بۆ خۆڕاگریی رۆشنبیری و خۆشەویستیی مرۆڤ بۆ زانست و پەرتووک، کە چۆن تەنها بۆ پاراستنی بڕێک زانیاری، مرۆڤ ئامادەیە ساڵانێکی درێژ گەنجینەکەی لە پشتی دیوارێکدا بپارێزێت.