هەرێم بۆ دابینکردنی پێداویستیی ئاوارە و پەنابەران ساڵانە پێویستی بەزیاتر لە 850 ملیۆن دۆلارە

بەگوێرەی راپۆرتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی تەممووز، ئێستا 843 هەزار و 300 ئاوارە و پەنابەر لە چوارچێوەی 193 هەزار و 163 خێزاندا لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم دەژین، هاوکات بە گوێرەی ستانداری نێودەوڵەتی هەر پەنابەر و ئاوارەیەک رۆژانە پێویستی بە 2.7 دۆلارە بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی رۆژانە.

چوارشەممە 16ـی ئەیلوولی 2026، بە گوێرەی راپۆرتەکەی ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان، ئێستا 843 هەزار و 300 ئاوارە و پەنابەر، 569 هەزار و 310 کەسیان لە چوارچێوەی 114 هەزار و 690 خێزان پێکهاتوون، ئاوارەی ناوخۆیی عێراقن، هاوکات 273 هەزار و 990 کەسی دیکەش 78 هەزار و 743 خێزان پێکدەهێنن وەکو پەنابەر لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن. 

 سەبارەت بە دابەشبوونی جوگرافیی ئاوارە و پەنابەران، زۆرینەیان روویان لە پارێزگای دهۆک کردووە کە 377 هەزار و 416 کەسە و دەکاتە 44%ـی کۆی گشتی ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی لە هەرێم نیشتەجێن، لە دوای ئەویش پارێزگای هەولێر بە پلەی دووەم دێت 331 هەزار و 755 کەسی لەخۆگرتووە بە رێژەی 40% ، هەروەها لە پارێزگای سلێمانیش 134 هەزار و 129 کەس دەژین دەکاتە 16%ـی کۆی گشتی، لە رووی پێکهاتەی نەتەوەیی پەنابەرانیشەوە، زۆرینەی هەرە زۆریان هاووڵاتیی سووریان ژمارەیان 256 هەزار و 715 کەسە، لە تەنیشت بوونی 8 هەزار و 506 پەنابەری ئێرانی، هەروەها 6 هەزار و 726 پەنابەری تورکیا و 894 پەنابەری فەلەستینی، لەگەڵ هەزار و 149 پەنابەر لە وڵاتانی دیکە.

لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا 27 کەمپی ئاوارە و پەنابەران بوونیان هەیە، بەجۆرێک 18 کەمپیان بۆ ئاوارە ناوخۆیییەکان تەرخان کراون کە 13 کەمپیان دەکەونە سنووری پارێزگای دهۆک و 5 کەمپ لە هەولێرن و لە پارێزگای سلێمانی هیچ کەمپێکی ئاوارە نەماوە، لە بەرامبەردا 9 کەمپیش بۆ پەنابەران دانراون کە 4 کەمپیان لە دهۆک، 4 لە هەولێر و یەک کەمپیش لە سلێمانییە، سەرەڕای بوونی ئەم کەمپانە، زۆرینەی دانیشتووانەکە لە دەرەوەی کەمپەکان نیشتەجێن، بە شێوەیەک لە کۆی ئاوارەکان تەنیا 97 هەزار و 430 کەسیان لە ناو کەمپەکاندان و زیاتر لە 471 هەزار کەسیان لە دەرەوەی کەمپ دەژین، هەروەها لە نێو پەنابەرانی سووریاشدا 90 هەزار و 102 کەسیان لە کەمپەکاندا ماونەتەوە و 166 هەزار و 433 کەسیان تێکەڵی شار و کۆمەڵگەی میواندار بوون.

هەر بە گوێرەی راپۆرتی ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان، لە ماوەی مانگی تەممووزدا، جووڵەی گەڕانەوە و هاتنی نوێ بەردەوام بووە، کە تێیدا هاتنی 868 پەنابەری نوێ و گەڕانەوەی 384 پەنابەر تۆمار کراوە، لە پاڵ هاتنی 5 ئاوارەی نوێ و گەڕانەوەی 53 ئاوارە بۆ ناوچەکانی خۆیان، لە رووی دارایییەوە، ئەم دۆخە مرۆیییە بارگرانییەکی گەورەی لەسەر شانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست کردووە، بەجۆرێک بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان پێویستی بە زیاتر لە 850 ملیۆن دۆلاری ساڵانەیە، کە تێچووی رۆژانەی بە زیاتر لە 2 ملیۆن و 361 هەزار دۆلار و تێچووی مانگانەشی بە زیاتر لە 70 ملیۆن و 887 هەزار دۆلار دەخەمڵێندرێت.