وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: شاندی ئێران بەشداری لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەکات

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، شاندی سەرەکیی بەرپرسانی ئێران دەتوانن هەفتەی داهاتوو لە نیویۆرک بەشداری لە کۆبوونەوە ئاستبەرزەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بکەن.

هەینی 18ـی ئەیلوولی 2026، گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی رایگەیاندووە: "ئەو شاندەی ئێران کە سەردانی ئەمریکا دەکات، دەکەوێتە ژێر کۆتوبەندی گەشتکردنەوە و بەپێی سیاسەتەکانمان رێگرییان لێدەکرێت لە کڕینی کەلوپەلی لوکس و گرانبەها و شتومەکی دیکە، هەروەها قەبارەی شاندەکەش بەراورد بە ساڵی رابردوو بچووکترە."

ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە، بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەم دواییەی ئاژانسی هەواڵی "ئەسۆشیەیتد پرێس"، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێکۆڵینەوەدا بوو بۆ سەپاندنی سنووردارکردن بەسەر پێدانی ڤیزا و هاتوچۆی شاندە دیپلۆماسییەکانی چەندان دەوڵەت، لەوانەش ئێران، سودان، زیمبابۆی و بەرازیل، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی خولی نوێی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە 22ـی ئەم مانگەدا.