سوپای پاسدارانی ئێران: کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمز کرایە ئامانج
هێزی دەریایی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، کەشتییەکی نەوتهەڵگر بە ناوی "ترێند" کە ئاڵای تۆگۆی هەڵگرتبوو، لە کاتی هەوڵدان بۆ تێپەڕبوونی نایاسایی بە گەرووی هورمزدا کراوەتە ئامانج و بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر تێیدا لە جووڵە کەوتووە و راگیراوە.
هەینی 18ـی ئەیلوولی 2026، بەگوێرەی بەیاننامەیەکی هێزی دەریایی سوپای پاسداران کە لەسەر زاری عەلی عەزمایی، فەرماندەی هێزی دەریایی بڵاوکراوەتەوە، کەشتییەکە بە هاندان و فریودانی سوپای ئەمریکا ویستوویەتی بە شێوەیەکی نایاسایی بە رێڕەوی گەرووی هورمزدا تێپەڕبێت، بەڵام پێکراوە و دوای کەوتنەوەی ئاگر تێیدا، راگیراوە.
هێزی دەریایی سوپای پاسداران جەختیشی کردووەتەوە، هێزەکانیان بە تەواوی کۆنترۆڵی ئەو رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەیان لە دەستدایە و رێگە بە هاتوچۆی هیچ لایەنێک نادەن کە بە سەرپێچیکار ناوزەدیان دەکات. هەروەها هۆشداریشی داوە کە "تێپەڕبوونی نایاسایی بە گەرووی هورمزدا، هیچ ئەنجامێکی نابێت جگە لە تیاچوون و لەناوبردنی کەشتییە سەرپێچیکارەکان."
ئەم راگەیاندنەی سوپای پاسدارانی ئێران دوای ئەوە هات، دەزگای ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریایییەکانی بەریتانیا، پێنجشەممەی رابردوو رایگەیاند، ئاگادارییەکیان سەبارەت بە رووداوێکی ئەمنی لە گەرووی هورمز پێگەیشتووە، کە رووداوەکە لە دووری 16 میل لە باکووری رۆژهەڵاتی خەسب لە عومان روویداوە.
دەزگا بەریتانییەکە لە ئاگادارییەکدا کە وەک هێرش پۆلێنی کردووە، روونیکردەوە ستافی کەشتییەکە سەلامەتن و تا کاتی دەرچوونی ئاگادارییەکە، هیچ کاریگەرییەکی ژینگەیی پشتڕاست نەکراوەتەوە. دەزگاکە ئاشکرایکرد، بەرپرسانی دەریاوانی سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە رووداوەکە و داوایان لە کەشتییەکان کردووە بە وریایییەوە تێپەڕن و هەر چالاکییەکی گوماناوی رابگەیەنن.
ئاگادارییەکە هیچ وردەکارییەکی لەبارەی سروشتی رووداوەکە یان ناسنامەی کەشتییەکە نەخستووەتە روو.