بەهۆی جەنگی ئێرانەوە بازاڕی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان گەرم بووە

داواکارییەکان بۆ کڕینی کەشتییە نەوتهەڵگرە زەبەلاحەکان بەراورد بە ساڵی رابردوو زیاتر لە دوو هێندە بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە، ئەمەش لە چوارچێوەی شەپۆلێکی کڕیندا کە بەهاکەی 20 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە و لە ماوەی لانیکەم 25 ساڵی رابردوودا هاوشێوەی نەبووە.

هەینی 18ـی ئەیلوولی 2026، بەگوێرەی داتاکانی دامەزراوەی "سیگناڵ گرووپ"، لە سەرەتای ساڵی 2026ـەوە داواکاری بۆ دروستکردن و کڕینی 217 کەشتیی زەبەلاح تۆمار کراوە، لە کاتێکدا لە تەواوی ساڵی رابردوودا تەنیا 93 کەشتی داواکرابوون، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران نەخشەی رێڕەوەکانی بازرگانیی وزەی سەرلەنوێ داڕشتووەتەوە و خواستی لەسەر گواستنەوەی نەوتی خاو بۆ مەودای دوورتر زیاد کردووە.

ئەم شەپۆلە بەهێزەی خواست رەنگدانەوەی ئەو پێشبینییانەیە کە رایانگەیاند، زیادبوونی باری نەوت بۆ مەودای دوور لە حەوزی ئەتڵەسییەوە بەرەو ئاسیا دەکەن، بەتایبەت لە کاتێکدا کە کڕیاران هەوڵ دەدەن سەرچاوەکانی دابینکردنی وزە هەمەجۆرکردن و پشت بە سەرچاوەکانی دوور لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببەستن.

هەر بە گوێرەی زانیارییەکانی دامەزراوەی سیگناڵ گرووپ، یەک کەشتی لەم پۆلە توانای هەڵگرتن و گواستنەوەی نزیکەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەیە.