لە رواندز فێستیڤاڵێک بۆ ناساندن و بەبازاڕکردنی ترێ و بەرووبوومی ناوخۆیی بەڕێوەدەچێت
لە شارۆچکەی رواندز فیستیڤاڵێکی تایبەت بۆ نمایشکردن و بەبازاڕکردنی ترێ و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بەڕێوەدەچێت، کە تێیدا دەیان جووتیار و پیشەوەری دەڤەرەکە بەرهەمەکانی خۆیان خستووەتە ڕوو.
فیستیڤاڵەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ و گەشتوگوزاری ڕواندز رێکخراوە و بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت، بووەتە سەکۆیەک بۆ 44 جووتیاری ناوچەکە و 20 هاووڵاتیی پیشەوەر، تا رەنجی دەست و بەرهەمی باخەکانیان نمایش بکەن و ساغی بکەنەوە.
لە فیستیڤاڵەکەدا تەنیا ترێ نمایش نەکراوە، بەڵکو بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی دیکەی وەک هەنگوین، هەنار، فستق و کاری دەستیی خانمانیش خراونەتە ڕوو، هەروەها چالاکییەکە بە کەرتی گەشتیارییەوە تێکەڵکێش کراوە و ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان و گەشتیاران ڕوویان تێکردووە.
محەممەد جەمال، ڕەزڤانێکی سنوورەکەیە و بە چەند جۆرێکی ترێ بەشداریی لە فیستیڤاڵەکەدا کردووە، بە کوردستان24ـی راگەیاند: چەند جۆرێکی ترێمان هێناوە بۆ ئەوەی خەڵک بیانناسن، بەتایبەت جۆری (ڕەشمێری) کە خەڵک زۆر دەیناسن؛ ترێیەکە لە ڕووی تام، ڕەنگ و جوانییەوە زۆر تایبەتە و لە ناوچەکەی ئێمە لە دۆڵی خانەقا زۆر بە باشی پێدەگات.
لای خۆیانەوە رێکخەرانی فیستیڤاڵەکە ئاماژە بەوە دەکەن، ئامانجیان تێکەڵکردنی هەردوو سێکتەری کشتوکاڵ و گەشتیارییە، تا لە رێگەیەوە بازاڕێکی گونجاو بۆ ساغکردنەوەی بەرووبوومی جووتیاران بڕەخسێنن و گەشتیارانیش لە سەردانەکانیاندا کڕیاری ڕاستەوخۆی بەرهەمە خۆماڵییەکان بن.
ئەم چالاکییە هاوکات دەرفەتێکی لەبارە بۆ هاووڵاتییان و کڕیاران، تا لە یەک شوێندا دەستیان بە بەرهەمی سروشتی و دڵخوازی ناوچە شاخاوییەکان بگات.