عێراق سندووقێکی تایبەت بۆ زیانلێکەوتووانی تاوانە نێودەوڵەتییەکان دادەمەزرێنێت
لە هەنگاوێکی کردەییدا بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی جینۆساید و تاوانە نێودەوڵەتییەکان، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە رەزامەندیی سەرۆکوەزیران، لە چوارچێوەی رەشنووسی یاسای تاوانە نێودەوڵەتییەکان بڕیاری لەسەر دامەزراندنی سندووقێکی تایبەت بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانیان پەسەندکرد.
هەینی 18ـی ئەیلوولی 2026، بەگوێرەی راگەیەندراوێکی د. خەلەف سنجاری، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە چوارچێوەی رەشنووسی پڕۆژەیاسای تاوانە نێودەوڵەتییەکان، تاوانەکانی جینۆساید و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر دوو خاڵی سەرەکی داوە:
یەکەم: دامەزراندنی سندووقێک بە ناوی سندووقی قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی تاوانە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئاستی فەرمانگە (لە خوار ئاستی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی)، خاوەنی کەسایەتیی مەعنەوی و سەربەخۆیی دارایی و کارگێڕی دەبێت. بودجەی ئەم سندووقە لە رێگەی ئەو بەخشین و هاوکارییانەوە دابین دەکرێت لەلایەن وڵاتان، رێکخراو و دەستە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکانەوە پێشکەش دەکرێن، هاوکات لەگەڵ ئەو بڕە پارە و قەرەبووانەی دەوڵەتی عێراق لە رێگەی سکاڵا و داواکارییە دادوەرییەکانی پەیوەست بە تاوانە نێودەوڵەتییەکانەوە بەدەستیان دەهێنێت.
دووەم: ئەرکەکانی ئەم سندووقە، لایەنی پەیوەستبوون، پێکهاتە کارگێڕییەکان، میکانیزمی بەڕێوەبردن، دەروازەکانی خەرجکردن و تەواوی پرسەکانی پەیوەست بە کارکردنی، بەگوێرەی پەیڕەوێک دیاری دەکرێن دواتر لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەردەچێت.
ئەم بڕیارە وەک هەنگاوێکی گرنگ و پێویست دادەنرێت بۆ چەسپاندنی دادپەروەری، پاراستنی مافی قوربانیان و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی تاوانە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت قوربانیانی کۆمەڵکوژی و جینۆسایدی ئێزدییەکان و سەرجەم تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی.