سەرۆکی ئەمریکا یاسایەکی نوێ بۆ سەپاندنی سزای توند بەسەر رووسیا واژۆ دەکات
دۆناڵد ترەمپ، پڕۆژەیاسایەکی بۆ سەپاندنی سزای نوێ بەسەر مۆسکۆدا واژۆ کرد، بە مەبەستی زیادکردنی گوشارەکان لەسەر رووسیا بەهۆی جەنگی ئۆکرانیاوە، ئەمەش کەمێک دوای پەسەندکردنی یاساکە هات لە کۆنگرێسی ئەمریکا.
شەممە 19ـی ئەیلوولی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، یاسایەکی نوێی بۆ سەپاندنی سزا بە رووسیادا واژۆ کرد، ئەم یاسایە بە یەکەم هەنگاوی گەورەی کۆنگرێس دژ بە مۆسکۆ لە دوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی دادەنرێت، ناوی سیناتۆری کۆماری لینزی گراهامی لێنراوە دەستپێشخەری سەرەکیی یاساکە بوو و لە مانگی تەممووزدا کۆچی دوایی کرد و داکۆکیکارێکی سەرسەختی ئۆکرانیا بوو. هاوکات یاساکە پاڵپشتییەکی بەهێزی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیاشی لەگەڵدایە.
پاکێجە سزاییە نوێیەکە بۆ یەکەمجار "کەشتیگەلی تارمایی" (Shadow Fleet)ی رووسیا دەکاتە ئامانج، هەروەها سزاکان ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا و بەرپرسانی باڵای دیکەی مۆسکۆش دەگرێتەوە. سەرەڕای ئەوەش، یاساکە دەسەڵات دەداتە ترەمپ بۆ سەپاندنی باجی گومرگی بە رێژەی تاوەکو 100% بەسەر کڕیارە گەورەکانی نەوت و گازی رووسیادا، کە پێدەچێت چین و هیندستانیش بگرێتەوە.
ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پێنجشەممە پڕۆژەیاساکەی پەسەند کرد، دوای ئەوەی پێشتر لە مانگی ئابدا لە ئەنجومەنی پیرانیش پەسەندکرابوو.
واژۆکردنی ئەم یاسایە لەلایەن ترەمپەوە لە کاتێکدایە کە لەم دواییانەدا گفتوگۆکان لەگەڵ مۆسکۆ و کیێڤ دەستیانپێکردووەتەوە، و هەردوو نێردەی تایبەتی ترەمپ، ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر، سەردانی هەردوو پایتەختەکەیان کردووە.