وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی تۆمەتەکانی کۆشکی سپی دەداتەوە
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی لێدوان و تۆمەتەکانی گوتەبێژی کۆشکی سپیی ئەمریکای دایەوە و رایگەیاند، واشنتن ئەو کردارانە دەخاتە پاڵ ئێران کە خودی ئەمریکا دەستپێشخەریی تێدا کردوون، ئەنجامی داون یان پاڵپشتیی لێکردوون.
شەممە 19ـی ئەیلوولی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، لە وەڵامی تۆمەتەکانی گوتەبێژی کۆشکی سپی دژ بە تاران نووسیویەتی: گوتەبێژی کۆشکی سپی لیستێکی درێژی لە تۆمەت دژ بە ئێران خستووەتە روو، لە کاتێکدا بەشێکی زۆری ئەو تۆمەتانە بە وردییەکی سەرسوڕهێنەرەوە باس لە هەمان ئەو کردەوانە دەکەن کە ئەمریکا خۆی دەستپێشخەریی بۆ کردوون، یاخود ئەنجامی داون یان پشتیوانیی لێکردوون.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە درێژەی لێدوانەکەیدا جەختیکردووەتەوە، ئەم رەتکردنەوە و هەڵاتنە لە راستییەکان جێگەی سەرسوڕمان نییە، چونکە بەدکاران هەمیشە رادەکەن تەنانەت ئەگەر کەسیش بە دوایانەوە نەبێت و راویان نەنێت.
ئەم قسانەی ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کاتێکدایە، پەرسەندنە سەربازی و ئابوورییەکان لە نێوان واشنتن و تاران لە زیادبوونە، هاوکات هەردوو لایەن بانگەشەی شکاندنی ئەو ئاگربەستە دەکەن کە لە رابردوودا لە نێوانیان واژۆکرابوو.