رائید فەهمی: سەروەریی عێراق سنووردارە

رائید فەهمی سکرتێری حزبی شیوعیی عێراق
رائید فەهمی سکرتێری حزبی شیوعیی عێراق

سکرتێری حزبی شیوعیی عێراق هۆشداری لە نائاسایی و ناسەقامگیریی دۆخی عێراق دەدات و چەکداماڵینی گرووپە میلیشیاکان بە ئەرکێکی نیشتمانی وەسف دەکات و دەڵێت: سەروەریی عێراق سنووردارە، کەچی بەم قەیرانە ئابوورییەی هەیە، هەوڵی راکێشانی وەبەرهێنانی بیانی دەدرێت، لە کاتێکدا وەبەرهێنەر پێویستی بە سەقامگیرییە.

رائید فەهمی سکرتێری حزبی شیوعیی عێراق ئەمڕۆ شەممە 19ـی ئەیلوولی 2026، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 نیگەرانیی خۆی  لە بارەی دۆخی عێراق دەربڕی و گوتی: دۆخی ئێستای عێراق بە هەموو پێوەرێک ئاسایی نییە، لەلایەک سەروەریی وڵات سنووردارە، بگرە لە ناوخۆدا هێشتا چەک بە دەستی لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکوومەتە، ئەمەش بە واتای ئەوە دێت، کە سەرەوەری وڵات سنووردارە؛ لەلایەنی هەرێمی و نێودەوڵەتیشدا سەروەریی عێراق دەبێت لە هێز و توانای دەوڵەتدا بێت، یەکەمیان ئاڵنگاریی ئەمنی هەیە، دووەمیشیان لایەنی ئابوورییە و عێراق لەنێو قەیرانی ئابووریدایە.

هەر لە بارەی قەیرانی ئابووریی عێراقەوە، سکرتێری حزبی شیوعی گوتی: عێراق لەم قەیرانە ئابوورییەی بەرۆکی گرتووە، هەوڵی راکێشانی سەرمایە و وەبەرهێنەرانی بیانی دەدات، بەڵام وەبەرهێنەرانی بیانی پێویستیان بە سەقامگیرییە، لەکاتێکدا دۆخی ئەمنی عێراق هیچ ئاماژەیەکی گەشبینی و دڵخۆشی بۆ راکێشانی وەبەرهێنەرانی بیانی نییە؛ هەربۆیە راستییەکەی ئەوەیە وڵات لە دۆخێکی دژواردایە، هەم بەهۆی ناسەقامگیریی ئەمنی و هەم بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە.

رائید فەهمی دەڵێت: پێویستیمان بە وڵاتێکی بەهێز هەیە، لەوانە پرسی چەکداماڵین لە ئارایە، لە راستیدا ئەمە پرۆسەیەکی گرنگە بەر لەوەی پەیوەندی بە ئەمریکا و پرسی دەرەکییەوە هەبێت، ئەرکێکی نیشتمانییە، بۆیە ئەگەر کەسێک رێزی لە کۆتا وادەکەی 30ـی 9 نەگرت و وادیارە هەیە رێزی لێناگرێت، ئێستا دەوڵەتیش دەڵێت ئەمە کۆتا وادە نییە، بەڵام پێویست ناکات کاتەکە دریژە بکێشێت و ناکرێت دانوستان بەکاتەوە ببەسرێتەوە، بۆیە پێویستە چارەسەرێک هەبێت.

سکرتێری حزبی شیوعیی عێراق لە لێدوانەکەیدا گوتی: لەبارەی خاڵێکەوە هۆشداری دەدەم، بابەتەکە نابێت پێشنیازی چارەسەرێکی رووکەش بێت، بە رووکەش چەک کۆبکرێتەوەو چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بێت، چونکە دۆخی ناوچەکە و عێراقیش بەرگەی هەڵگەڕانەوە لە ناوەڕۆکی بابەتەکە ناگرن.

بە گوێرەی رێککەوتنی ئەمنی عێراق کۆتایی ئەم مانگە دەبێت هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کە ساڵی 2014 بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و لەناوبردنی رێکخراوی داعش هاتوونەتە عێراق، کۆتایی بە ئەرکەکانیان بێت و سەرجەم بنکە و سەربازگەکان رادەستی حکوومەتی عێراق بکەنەوە و هێزەکانیان بکشێننەوە.