حوسییەکان: بە مووشەک و درۆن هێرشمان کردووەتە سەر ریاز و یەنبەع
بزووتنەوەی ئەنسارولڵا لە یەمەن (حووسییەکان) رایگەیاند، لە رێگەی ژمارەیەکی زۆر مووشەکی بالیستی و درۆنەوە، ریازی پایتەختی سعوودیە و پارێزگای یەنبەعیان کردووەتە ئامانج.
یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان ئەمڕۆ شەممە 19ـی ئەیلوولی 2026 لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، هێزەکانیان دوو ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تایبەتیان ئەنجامداوە، روونیشیکردەوە لە ئۆپەراسیۆنی یەکەمدا چەند ئامانجێکی هەستیاریان لە ریاز پێکاوە، لە ئۆپەراسیۆنی دووەمیشدا دامەزراوەکانی کۆمپانیای ئارامکۆیان لە یەنبەع کردووەتە ئامانج، جەختی لەوەش کردەوە هەردوو ئۆپەراسیۆنەکە ئامانجەکانی خۆیان پێکاوە و بوونەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگری گەورە لە شوێنە دیاریکراوەکاندا.
پێش راگەیەندراوەکەی حووسییەکانیش، ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، دووکەڵێکی رەشی چڕ لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ریاز بەرزبووەتەوە، ئەوەش بەهۆی گڕگرتنی کۆگایەکی سووتەمەنیی سەر بە کۆمپانیای ئارامکۆ لە نزیک فڕۆکەخانەکە. هەروەها ئاژانسەکە رایگەیاند، رووداوەکە بووەتە هۆی پشێوی و پەککەوتنی گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەکەدا، لەوانە دواکەوتن و هەڵوەشاندنەوەی چەندان گەشت.
لەلایەکی دیکەوە، دەستەی بەرگریی شارستانیی سعوودیە، هۆشداریی لەبارەی ئەگەری هێرشێکی ئاسمانیی دوژمنکارانە لە 10 شار و پارێزگای وڵاتەکە بڵاوکردەوە کە ریازیشی لەخۆدەگرت، ئەمەش یەکەم هۆشداریی لەو جۆرەیە لە دوای دەستپێکردنەوەی جەنگ لە یەمەن لە مانگی تەمووزی رابردووەوە.
ئەم هێرشانە هاوکاتن لەگەڵ هەڵکشانی گرژی و رووبەڕووبوونەوە سەربازییەکانی نێوان حووسییەکان و هێزەکانی حکوومەتی یەمەن کە لەلایەن عەرەبستانی سعودییەوە پاڵپشتی دەکرێن.