شێروان دووبەردانی: هۆشداری لە سەپاندنی سزای قورسی ئەمریکا بەسەر عێراق دەدات

ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند، قاچاخی دۆلار لە عێراق هێشتا بەردەوامیی هەیە و بە تەواوەتی کۆنتڕۆڵ نەکراوە، هاوکات لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی بڕیاری رادەستکردنی چەکی گرووپە چەکدارەکان بە دەوڵەت تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە، عێراق رووبەڕووی سزای دارایی و ئابووریی قورسی ئەمریکا دەبێتەوە.

شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق،لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی کوردستان24 رایگەیاند، پرۆسەی بردنەدەرەوە و قاچاخی دۆلار لە عێراق بەردەوامە و وەک هەموو ناوچەکانی دیکەی جیهان کۆنتڕۆڵکردنی ئاسان نییە. روونیشیکردەوە بڕیارەکانی ئەم دواییەی واشنتن لە دەرکردنی لیستی سزاکان بۆ سەر چەندین کۆمپانیا و کەسایەتیی عێراقی کە دەستیان لە قاچاخی دراودا هەبووە، بەڵگەی بەردەوامیی ئەو پرسەیە.

شێروان دووبەردانی، جەختی لەوە کردەوە ئەمریکا لە بابەتی کۆنتڕۆڵکردنی میلیشیا و گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی یاسا رژدە و یاری ناکات، ئەگەر بڕیارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا تا 30ـی ئەیلوول جێبەجێ نەکرێت، ئەوا واشنتن راستەوخۆ دەست بە سزادانی دارایی و ئابووریی عێراق دەکات. ئەمەش فشارێکی گەورەی هەم لە ناوخۆ و هەم لە لایەن ئەمریکاوە لەسەر شانی حکوومەت دروستکردووە.

سەبارەت بە شڵەژانی بازاڕ و هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، رایگەیاند، کێشەکە تێکەڵەیەکە لە گوشاری سیاسی و ئابووری، لەوانە مەترسی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە بەتایبەت لە گەرووی هورمز، کێشەی هەناردەی نەوت و چۆنیەتیی گەیشتنی دۆلار لە ئەمریکاوە.

دووبەردانی گوتیشی، حکوومەتی عێراق مانگانە پێویستی بە نزیکەی 10 تریلیۆن دینارە بۆ دابینکردنی مووچە و خەرجییە بەکاربەرەکان، کە بەهۆی جیاوازیی نرخی فەرمیی دۆلار لەگەڵ بازاڕی هاوتەریب، کورتهێنان و بارگرانییەکی زۆر بۆ بودجە دروستبووە. راشیگەیاند لەم چەند رۆژەی داهاتوودا بانکی ناوەندی ناتوانێت بە ئاسانی کۆنتڕۆڵی بازاڕ بکات، چونکە بازاڕ و هاووڵاتییان چاوەڕوانی دوای 30ـی ئەیلوولن تا دەربکەوێت ئایا بەغدا و واشنتن دەگەنە رێککەوتن، یان عێراق دەکەوێتە نێو قەیرانێکی نوێی سزادانەوە.