سەرۆکی حکوومەت زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا

سەرۆکی حکوومەت زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی لە هەرێمی کوردستان لێدا. 

بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ـی ئەیلوولی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە؛ لە قوتابخانەی "گڵۆباڵ" لە شاری هەولێر، زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2027ـی لێ دا. 

ئامارەکانی تایبەت بە ساڵی نوێی خوێندن:

- ژمارەی قوتابی: زیاتر لە یەک ملیۆن و 750 هەزار قوتابی دەست بە خوێندن دەکەنەوە.

- ژمارەی قوتابخانە: حەوت هەزار و 590 قوتابخانە پێشوازی لە قوتابییان دەکەن.

- قوتابیی نوێ: زیاتر لە 123 هەزار قوتابی نوێ دەچنە پۆلی یەکەمی بنەڕەتی.

- پەرتووکی چاپکراو: نزیکەی 19 ملیۆن پەرتووکی نوێ ئامادە کراون.

- مامۆستا و فەرمانبەران: 137 هەزار و 516 مامۆستا و 31 هەزار و 219 فەرمانبەر سەرپەرشتیی پرۆسەی خوێندن دەکەن.

سەبارەت بە پرۆگرامەکانی خوێندن، گۆڕانکاری لە 110 پەرتووک و پرۆگرامی خوێندندا کراوە و سەرجەم گۆڕانکارییەکانیش لە لایەن شارەزایان و مامۆستایانی وەزارەتی پەروەردەوە ئامادە کراون. گۆڕانکارییەکان بریتین لە پەرتووکی کوردیی پۆلی شەشی بنەڕەتی، زانستەکانی پۆلەکانی شەش، هەشت و نۆی بنەڕەتی، بیرکاریی پۆلەکانی چوار، پێنج، شەشی بنەڕەتی و 11ـی ئامادەیی، کیمیای پۆلی 11 و تەکنەلۆژیای زانیاری بۆ پۆلەکانی حەوت و هەشت، لەگەڵ چەندین گۆڕانکاریی دیکە.

لە بارەی دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی باڵەخانەکان لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا، داتاکان بەم شێوەیەن:

- دروستکردنی 236 قوتابخانە و باخچەی ساوایانی نوێ.

- زیادکردنی 476 پۆلی نوێ لەنێو قوتابخانەکاندا.

- نۆژەنکردنەوەی دوو هەزار و 650 قوتابخانە.