نهێنی چیرۆکی لاوکی گەنج خەلیلی کاوێس ئاغا
لاوکی «گەنج خەلیل» تەنیا لاواندنەوەیەکی فۆلکلۆری نییە، بەڵکو گێڕانەوەی مێژوویی عەشقێکە کە لە نێو خێمەی مەرگدا سنووری ترسی بەزاند، کە تاوەکو ئێستا وەک شاکارێک بە دەنگی کاوێس ئاغا ماوەتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ـی ئەیلوولی 2026. جبرائیل مکائیل، کە لە ساڵانی نەوەتەکان بەشێکی زۆری لاوک و بەستەکانی دەنگبێژی مەزنی کورد «کاوێس ئاغا»ی بە شێوەی نووسین کۆکردووەتەوە و بە دۆکیۆمێنت کردووە، پەردەی لەسەر چیرۆکی راستەقینە و تراژیدیی لەدایکبوونی لاوکی بەناوبانگی «گەنج خەلیل» لادا و گوتی: گەنج خەلیل تەنیا کارەکتەرێکی نێو دەقە فۆلکلۆرییەکان نەبووە، بەڵکو لاوێکی سوارچاک، قۆز و لەبەرچاو بووە. سەبارەت بە زێدی رەسەنی، لە سەرچاوە مێژوویی و زارەکییەکاندا دوو بۆچوون هەن؛ هەندێکیان دەگەڕێننەوە بۆ دەڤەری شنگال و هەندێکی دیکەش پێیان وایە خەڵکی دەوروبەری تەلەعفەر بووە.
بەپێی گێڕانەوەکە، چارەنووسی ئەم سوارچاکە بەناوبانگە کاتێک بەرەو تراژیدیا دەڕوات کە دووچاری پەتای کوشندە دەبێت. لە ترسی تەشەنەسەندنی پەتاکە بۆ ناویان خزم و نزیکەکانی ناچار دەبن لە چۆڵەوانیدا خێمەیەکی تایبەتی بۆ هەڵبدەن و بەو مەرجەی هیچ کەسێک بۆی نەبێت لێی نزیک بێتەوە.
لەکاتێکدا هەمووان لە ترسی ئەو نەخۆشیەی تووشی گەنج خەلیل بووە، دوور دەکەونەوە، کچە کوردێک بە ناوی "حەفسەت" ئامادە نابێت دەستبەرداری ببێت. جبرائیل مکائیل روونی دەکاتەوە: وەک لە سەرچاوە مێژوویە کۆنەکاندا دەگێڕدرێتەوە، حەفسەت کچی میر بووە و هۆگری جوانی و سوارچاکیی گەنج خەلیل بووە، هاوکات لە هەندێ سەرچاوەی دیکەشدا هاتووە کە کچەمامی بووە. بەڵام ئەوەی هەمووان لەسەری کۆکن ئەوەیە حەفسەت بە شەو و ڕۆژ لە تەنیشت خێمەکەی مایەوە و لە ساتە پڕ لە ئازارەکانیدا بە تەنیا جێی نەهێشت.
سەرەڕای چاودێری و دڵسۆزییە بێوێنەکەی حەفسەت، سەرەنجام گەنج خەلیل بەرگەی نەخۆشییەکە ناگرێت و کۆچی دوایی دەکات، کۆچی ئەم لاوە برینێکی قووڵ لە دڵی حەفسەتدا بەجێدەهێڵێت، بە جۆرێک بە کوڵ و بە شێوازی لاوک و لاواندنەوە، پێناسەی جوانی، خەم و کەسایەتییەکەی دەکات. ئیتر لەو کاتەوە ئەم شیوەن و لاواندنەوەیە لەسەر زاری حەفسەت دەبێتە لاوکێکی نەمری نێو فۆلکلۆری کوردی و دواتریش دەنگبێژی دەنگزوڵاڵ، کاوێس ئاغا، بە شاکارێکی گەورە لە مێژووی دەنگبێژیدا تۆماری دەکات.
بەشێک لە دەقی لاوکەکە لەسەر زمانی حەفسەت:
«دە لێ لێ، وەرە لێ لێ... نەمایی
ئەزی قارش میش ناکەم، کورمامی خۆ ل خەوەکە شیرین ڕاکەم.
ئەزی ڕاکەم چەکمەکە عامودی دەپییا کەم، شروالەکی شفتەلی دلینگا کەم،
عەبایەکی تەنتەنی دملاکەم، خەنجەرەکی ساڵح بەگی دەبەر ڕاکەم،
جۆتەکی دەمانجی شۆلی شامێ نەمایێ بینم ل سەرداکەم،
ئەزی گەنج خەلیل ئاغا، کورمامی خۆ بەمە جۆت بازاری مەیدانێ شامێ ڕاگرم،
ڕۆژەکا بێت ئۆغلەریی عوسمانییا بێ، وێ ڕۆژێ دل نادەم کوڕ مامی خۆ لە چ دەوارا سوارکەم...»
لە بەشێکی دیکەی لاوکەکەدا، کاوێس ئاغا لەسەر زمانی حەفسەت و لە وەسفی سازکردنی ئەسپی گەنج خەلیلدا دەڵێت:
«دە لێ لێ، وەرە لێ لێ... ئەزی ڕابم کالە زینەکی بۆ کوڕە مامێ خۆ دروست بکەم،
سەرزینەکی بۆ کوڕمامێ خۆ دروست بکەم، کالێ وی زینی چی بکەم ژ مەرجانێ،
ڕکیبا بۆ بینم ل شاری ئەرزنجانی، قایشان و بەرا بۆ بینم ل قایشا هەمەدانی،
ڕمەکا ڕووتی گورگانی چێ بکەم ل دارێ حەیزەرانێ،
سەرزینەکی دروست بکەم ل تووکێ پەڕێ نەعامێ،
ئەزی گیفکان و لیفکا لی بدەم شبەتی کولیکا چاردێ نیسانێ گەنج خەلیل کوڕ مامی خۆ،
دلێ نە مایی ببەمە جوت بازارا مەیدانا شامی...»
کاوێس ئاغای هونەرمەندی کورد. ناوی (کاک وەیسە)، کوڕی ئەحمەدی کوڕی جەمیلی کوڕی کانەبی (کانۆیە) لە ساڵی (1889ز)، لە کوێستانەکانی چارچەڵ لە دایکبووە، کاوێس هەر لە منداڵییەوە پەروەردەی ئاووهەوای خۆش و سازگاری کوێستانە دڵڕفێنەکانی کوردستان بووە، وەک (تەرگەوەڕ و مەرگەوەڕ و دەشتەبێل و دەشتی براندێز و چارچەڵ و هەوار خاتوون و هەوار مامز و مێرگەمیر و مێرگەزەر) کە ئەمانەش بەهەشتێکی سەر رووی زەمینن.