موقتەدا سەدر: دوای کشانەوەی هێزەکانی بیانییەکان رێگە بە هیچ دەستوەردانێکی دەرەکی نادەین
رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە رایگەیاند، بە خۆشحاڵییەوە چاوەڕوانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتین لە عێراق لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا، هاوکات هۆشداریی توندی دایە وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە دەربارەی هەر هەوڵێک بۆ دەستوەردان لە کاروباری عێراق.
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانی شیعە، لە پەیامێکدا ئەمڕۆ یەکشەممە 20ـی ئەیلوولی 2026 رایگەیاند، پێویستە لایەنی ئەمریکی پابەندی ئەم بڕیارە نیشتمانییەی عێراق بێت، رایگەیاند، کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە قازانج و بەرژەوەندیی عێراق، ئەمریکا و تەواوی جیهاندایە.
موقتەدا سەدر هیواشی خواست ئەم کشانەوەیە نەبێتە دەروازەیەک بۆ دەستوەردانی دەرەکی و بەزاندنی سەروەری و پێگەی عێراق، هۆشداریشی دایە سەرجەم دەوڵەتانی دراوسێ و نادراوسێ لە لێکەوتەی دەستوەردانەکانیان و گوتی: بە توندی و بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە رووبەڕووی هەر دەستوەردانێک دەبینەوە لە هەر لایەن و دەوڵەتێکەوە بێت.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەدر داوای لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق کرد هەڵەی پێشوو دووبارە نەکەنەوە و داوای دەستوەردانی سەربازیی ئەمریکا نەکەنەوە و روونیکردەوە، عێراق توانای هەیە بەبێ ململانێی ناوخۆیی و تایفی یان نەتەوەیی، تەنیا لە رێگەی هێزە ئەمنییەکان بەتایبەت پاسەوانی سنوور و هێزی ئاسمانی لەژێر چەتری حکوومەتی ناوەندیدا، پارێزگاری لە خۆی بکات.
موقتەدا سەدر وادەی 30ـی ئەیلوولی وەک دەستپێکی بووژاندنەوەی عێراق و کۆتاییهاتنی گەندەڵی، زۆرداری، دیکتاتۆری، داگیرکاری و تیرۆر وەسف کرد، بەتایبەت لە سایەی بەهێزکردنی دامەزراوە ئەمنییەکان لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا، لە کۆتاییشدا جەختی لەوە کردەوە ئەوان لە مێژوودا بێ هیچ پاڵپشتییەکی دەرەکی بەرەنگاریی سێکوچکەی داگیرکاری، تیرۆر و گەندەڵی بوونەتەوە و بەردەوام دەبن لە خزمەتکردنی تەواوی پێکهاتەکانی گەلی عێراق.