ئێران خستنەخوارەوەی درۆنێکی هەواڵگریی پێشکەوتووی لە ئاسمانی گەرووی هورمز راگەیاند

سوپای ئێران رایگەیاند، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان لە رێگەی سیستمێکی خۆماڵییەوە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سیخوڕیی پێشکەوتوویان لە جۆری ئۆربیتەر لە ئاسمانی گەرووی هورمز کردووەتە ئامانج و خستوویانەتە خوارەوە.

لە راگەیەندراوێکی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە 20ـی ئەیلوولی 2026 هاتووە، کاتژمێر 6:30ـی ئێوارەی ئەمڕۆ، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی چاودێری و سیخوڕیی پێشکەوتوو لە جۆری ئۆربیتەر، بە تەقەی سیستمە خۆماڵییەکانی سەر بە هێزی بەرگریی ئاسمانیی سوپا لە باشووری رۆژهەڵاتی وڵات و لە چوارچێوەی تۆڕی یەکگرتووی بەرگریی ئاسمانیدا لەسەر گەرووی هورمز کرایە ئامانج و بە تەواوەتی تێکشکێندرا.

ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە هەڕەشە سەربازییەکانی نێوان واشنتن و تاران گەیشتووەتە لووتکە، هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا هۆشداریدا، لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا رووداوێکی گەورە دەربارەی ئێران روودەدات، ئاماژەی بەوە کرد بژاردەکانی بەردەم واشنتن بریتین لە: لەناوبردنی ئێران، هێشتنەوەی تا لە رووی ئابوورییەوە بە تەواوی دادەڕمێت، یانیش واژۆکردنی رێککەوتنێک.

 لەگەڵ ئەم لێدوانانە، چاودێرانی سەربازی فڕینی بۆمبهاوێژێکی ستراتیژیی دوورمەودای ئەمریکییان لە جۆری «بی-1 بی لانسەر تۆمارکرد لە بنکەی فەیرفۆردی هێزی ئاسمانیی شاهانەی بەریتانیاوە بەرزبووەتەوە، ئەوەش لە سایەی جموجووڵە سەربازییە چڕەکانی ناوچەکە.

ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئێستادا لە دۆخێکی یەکجار هەستیار و پڕ لە گرژیدایە، راپۆرتە هەواڵگرییەکان و جووڵە خێراکانی مەیدان رایانگەیاند، رووبەڕووبوونەوەی حەوت مانگی رابردووی نێوان واشنتن و تاران چووەتە مەترسیدارترین قۆناخی خۆیەوە. هەر لەو چوارچێوەیەشدا، دوێنێ باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە بەغدا، بەیروت، کوەیت، بەحرەین، مەسقەت و عەمان هۆشداریی ئەمنیی بەپەلەیان ئاراستەی هاووڵاتییانی وڵاتەکەیان کرد، بە تەواوەتی لە خۆپیشاندان، گردبوونەوە گشتییەکان و ناوچە پڕ لە هێزە ئەمنییەکان دووربکەونەوە.