کێشەی نۆرەی بەنزینی پاسەکانی سلێمانی چارە کرا
دوای دروستبوونی قەرەباڵخییەکی زۆر و بێبەشبوونی بەشێک لە شۆفێران لە سووتەمەنی، سەرۆکی سەندیکای شۆفێرانی سلێمانی ئاشکرای دەکات، پێدانی بەنزینی 750 دیناری بە پاسەکانی ناوشار دەکرێتە سیستمی تاک و جووت.
بەشێک لە شۆفێرانی پاسی هێڵەکانی ناوخۆی سلێمانی نیگەرانییان لە شێوازی دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکوومەت دەربڕی. شۆفێران باسیان لەوە کرد، دوای وەستانیان بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لە نۆرەی وەرگرتنی بەنزیندا، زۆرجار بەریان ناکەوێت و ئەو رۆژە بەبێ سووتەمەنی و بێکار دەمێننەوە، بۆیە داوای دۆزینەوەی چارەسەرێکیان کردبوو.
لەم بارەیەوە ئازاد ئەحمەد، سەرۆکی سەندیکای شۆفێرانی سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24، رایگەیاند، گلەیی و داواکاریی شۆفێرانی پاس لە جێگەی خۆیدا بووە و راستەوخۆ داواکارییەکانیان ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار کردووە. لە ئەنجامدا بڕیار درا لە رۆژی شەممەی داهاتووەوە، 26ـی ئەیلوول، بەنزین بە نرخی 750 دینار و بە سیستمی تاک و جووت بەسەر پاسەکاندا دابەش بکرێت.
سەرۆکی سەندیکای شۆفێران، روونیکردەوە، لە هەفتەیەکدا سێ رۆژ بۆ ئەو پاسانە تەرخان دەکرێت کە ژمارەی کۆتایی تابلۆکانیان تاکە و سێ رۆژی دیکەش بۆ پاسە ژمارە جووتەکان دەبێت. گوتیشی، لە ئێستادا یەک بەنزینخانە لە سلێمانی بە تایبەتی بۆ دابەشکردنی بەنزین بەسەر شۆفێرانی پاسی هێڵەکانی ناوشار دیاری کراوە.
بەپێی زانیارییەکان، لە ئێستادا هەفتانە تەنیا دوو رۆژ بەنزین بەسەر پاسەکانی ناوشاردا دابەش دەکرێت. ئەمەش لە کاتێکدایە 1750 پاس لە هێڵەکانی گواستنەوەی ناوشاری سلێمانی کار دەکەن و ئەو ماوەیە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانیان کەم بووە.