کونسوڵی گشتیی رووسیا پیرۆزبایی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی لە مەسرور بارزانی کرد
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ماکسیم روبین کونسوڵی گشتیی رووسیا کرد بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی لە هەرێمی کوردستان؛ کونسوڵی گشتیی رووسیا ستایشی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم و پیرۆزبایی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی لە سەرۆکی حکوومەت کرد، هاوکات سەرۆکوەزیرانیش سوپاسی هەوڵەکانی ناوبراوی کرد لە پێناو پێشخستنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکاندا.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئەمڕۆ دووشەممە 21ـی ئەیلوولی 2026، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ماکسیم روبین کونسوڵی گشتیی رووسیا کرد بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکە دیپلۆماتییەکەی لە هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، کونسوڵی گشتیی رووسیا، سوپاسی پشتیوانیی و هاوئاهەنگیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ سەرخستنی ئەرکەکەی. هەروەها ستایشی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا کرد و پیرۆزبایی و دەستخۆشی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەشی لە سەرۆکی حکوومەت کرد.
هاوکات سەرۆکی حکوومەت سوپاسی کونسوڵی گشتیی رووسیای کرد بۆ کارکردنی لە پێناو پێشخستنی زیاتری پەیوەندییەکانی رووسیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان. هیوای سەرکەوتنیشی لە ئەرکی داهاتوویدا بۆ خواست.