فەرهاد ئەترووشی پیرۆزبایی راگەیاندنی فەرمیی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات

 جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، پیرۆزبایی راگەیاندنی فەرمیی هەنگاوە کردارییەکانی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کرد و ئەو پرۆسەیەی بە هەنگاوێکی چارەنووسساز و تەوەرەیی بۆ پتەوکردنی سەقامگیری لە قەڵەم دا.

دووشەممە 21ـی ئەیلوولی 2026، بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی فەرهاد ئەترووشی،جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بنەمایەکی سەرەکییە بۆ رێکخستنەوەی هەوڵە سەربازییەکان و رێکارە ئەمنییەکان لە هەرێمی کوردستاندا، بە جۆرێک کە لە خزمەت سیستم و دامەزراوەی بەرگریی نیشتمانیی وڵاتدا دەبێت.

ئەترووشی جەختیشی لەوە کردەوە، هەنگاونان بەرەو یەکخستنی تەواوەتیی ئەم هێزانە لەژێر یەک چەتری هاوبەشدا، وەرچەرخانێکی گرنگە بەرەو بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریی بەردەوام لە هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق، هاوکات دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی هەماهەنگیی نێوان هێزە فیدراڵییەکان و هێزەکانی هەرێم بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنییە هاوبەشەکان و پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتییان.