دەستەی دەریایی بەریتانیا: کەشتییەکی گازی شل لە گەرووی هورمز بە مووشەکی کرایە ئامانج
دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا رایگەیاند، پاشماوەی مووشەکی نەناسراو بەر کەشتییەکی گواستنەوەی گازی شل کەوتووە لە کاتی دەرچوونی لە گەرووی هورمز، بەڵام هیچ زیانێکی ژینگەیی لێنەکەوتووەتەوە و سەرجەم کارمەندانی سەلامەتن.
بەگوێرەی راگەیەندراوی دەستە بەریتانییەکە، ئەمڕۆ دووشەممە 21ـی ئەیلوولی 2026، کاپتنی کەشتییەکە دەستەی ئۆپراسیۆنەکانی دەریایی بەریتانیای ئاگادارکردووەتەوە، پارچەی مووشەکی نەناسراو بەر کەشتییەکەیان کەوتووە، بەڵام توانیویەتی بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوامی بە گەشتەکەی بدات بەرەو بەندەری دواتر، لە کاتێکدا لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە.
ئەمەش دوای ئەوە هات، لە کاتێکی پێشتری هەمان رۆژدا، دەستەکە ئاشکرای کرد، کەشتییەکی دیکەش لە کاتی رۆیشتنی بەرەو گەرووی هورمز بە هەمان شێوە رووبەڕووی پەلامار بووەتەوە و بەهۆیەوە دوو کەس لە دەستەی کارمەندانی کەشتییەکە بە سووکی بریندار بوون، بەڵام کەشتییەکە توانیویەتی بە توانای خۆی بەرەو بەندەری مەبەست درێژە بە رێگاکەی بدات.
ئەم رووداوانە لە کاتێکدایە، هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە ناوچەی گەرووی هورمز لە چەند رۆژی رابردوودا رووی لە زیادبوون کردووە، لە 17ـی ئەیلوولدا رووداوێکی ئەمنی لە بەشی عومانی گەرووەکە لە دووری 16 میلی دەریایی لە باکووری رۆژهەڵاتی خەسەب روویدا. هەروەها لە 18ـی ئەیلوول، کەشتییەکی نەوتهەڵگر بە مووشەک پێکرا و ئاگری گرت پێش ئەوەی کۆنترۆڵ بکرێت، هاوکات ئێران لە هەمان رۆژدا راگەیاند، سوپای پاسداران کەشتییەکی نەوتی بە ئاڵای تۆگۆوە بە ناوی ترێند کردووەتە ئامانج بە پاساوی ئەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی هەوڵی پەڕینەوەی داوە.
بەهۆی ئەم ئاڵۆزییە بەردەوامانەوە، هاتوچۆی دەریاوانی لە گەرووەکەدا بە رادەیەکی بەرچاو پاشەکشەی کردووە. بەپێی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، لە 16ـی ئەیلوولدا تەنیا چوار کەشتی بە گەرووەکەدا تێپەڕیوون، لە کاتێکدا لە 10 رۆژی پێشتردا تێکڕای رۆژانە 18 کەشتی بووە. دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا بەردەوامداوا لە کەشتییە بازرگانییەکان دەکات لە کاتی تێپەڕبوون بەوپەڕی وریاییەوە مامەڵە بکەن و هەر جووڵەیەکی گوماناوی لە ناوچەکەدا دەستبەجێ رابگەیەنن.