پاداشتی کۆتایی خزمەتی بەشێک لە کرێکارانی هەولێر خەرج دەکرێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە ئاگادارییەکدا داوا لە سەرجەم ئەو کرێکارانە دەکات لە بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی هەولێر داواکاریی پاداشتی کۆتایی خزمەتیان تۆمار کردووە، سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بکەن بۆ وەرگرتنەوەی شایستە داراییەکانیان.

دووشەممە 21ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتییەکە، ئەم پرۆسەیە تایبەتە بەو کرێکارانەی پێش بەئەلیکترۆنیکردنی رێکارەکان و تاوەکو رێکەوتی 30ـی ئابی 2026 لە بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران لە هەولێر داواکارییان بۆ وەرگرتنەوەی شایستەکانیان پێشکەش کردبوو، هەربۆیە داوایان لێدەکرێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بکەن بە مەبەستی وەرگرتنی پارەی پاداشتی کۆتایی خزمەتەکەیان.

هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا دڵنیایی دراوەتە ئەو کرێکارانەی بە شێوەی ئەلیکترۆنی داواکارییان پێشکەش کردووە و پەنجەمۆری ئەلیکترۆنییان لێ وەرگیراوە، لە رۆژانی داهاتوودا پرۆسەی دابەشکردنی شایستە داراییەکانی ئەوانیش دەستپێدەکات.