پاسەوانانی دەریایی یۆنان نزیکەی 40 کۆچبەریان لە خنکان رزگار کرد

پاسەوانانی دەریایی یۆنان ئەمڕۆ سێشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2026، رایگەیاند، 37 کۆچبەری نایاساییان لە کەناراوەکانی ئەو وڵاتە لە خنکان رزگار کردووە.

میدیای فەرمیی یۆنان بڵاویکردەوە، پاسەوانانی دەریایی لەنێو بەلەمێکی چووپدا 37 کۆچبەریان دۆزیوەتەوە و سەرجەمیان رزگار کراون، دواتر بۆ رێکاری یاسایی گوازراونەتەوە بۆ دوورگەی کریت، کە یەکێکە لە گەورەترین دوورگەکانی یۆنان و دەکەوێتە باشووری وڵاتەکە.

لەبارەی وردەکاریی ئۆپەراسیۆنەکەدا هاتووە، دوای چاودێریی ئاسمانی لە رێگەی درۆنی کۆمپانیای فرۆنتێکس، کۆچبەرەکان بە دووری 57 میل لە ناوەڕاستی دەریای باشووری دوورگەی کریت دۆزراونەتەوە، راستەوخۆ کەشتییەکی هێزی پاسەوانی دەریایی بۆ رزگارکردنی سەرنشینانی بەلەمە چوپەکە رەوانە کراوە و سەرجەمیان گواستراونەتەوە بۆ دوورگەی کالا لیمیناس.

پشتیوان جاف، رۆژنامەنووسی دانیشتووی یۆنان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو کۆچبەرانەی رزگارکراون پێکهاتوون لە ئافرەتێک و چوار پیاوی خەڵکی ئەسیوپیا، لەگەڵ 28 پیاوی خەڵکی سوودان و چوار کەسی دیکەی خەڵکی میسر.