سەرۆککۆماری ئێران گەیشتە نیویۆرک

پزیشکیان لە نیویۆرکە

ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتە نیویۆرک. میدیا فەرمییەکانی ئێران پشتڕاستیان کردەوە، بڕیارە سەرۆکی ئێران وتارێک لەو کۆبوونەوانەدا پێشکەش بکات.

دەزگای پەخشی ئێران بڵاوکردەوە،  پزیشکیان ئەمڕۆ گەیشتووەتە نیویۆرک. میدیاکە هیچ وردەکارییەکی دیکەی لەبارەی گەیشتنی بە فڕۆکەخانەی نیویۆرک نەخستووەتە روو.

ئاژانسی هەواڵی ئێرانی ئیرنا پێشتر لە زاری حەبیبوڵڵا عەباسی، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییە گشتییەکانی نووسینگەی سەرۆکایەتی رایگەیاند، سەردانەکەی پزیشکیان جگە لە پێشکەشکردنی وتار لە کۆمەڵی گشتی، چەندین کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆکی وڵاتان و بەرپرسانی بەشداربوو لەخۆ دەگرێت.

بەگوێرەی ئاژانسەکە، خشتەی کارەکانی سەردانەکە چاوپێکەوتن لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتیی ئێرانیی نیشتەجێی ویلایەتە یەکگرتووەکان و دیدار لەگەڵ کەسایەتییە ئەمریکییەکان و نوێنەری ناوەندەکانی توێژینەوەش لەخۆ دەگرێت.