ئەحمەد شەرع: مافەکانی کورد لە سووریا دابین دەکرێن
چوارشەممە 23ی ئەیلوولی 2026، لە میانی بەشدارییکردنی پانێلێک لە پەیمانگەی "ئەنجوومەنی ئەتڵەسی" (Atlantic Council) لە شاری نیویۆرک کە لە لایەن برێت مەکگۆر بەڕێوەچوو، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا گوتی: مافەکانی کورد لە سووریا جێبەجێ دەکرێت، خوێندن لە ناوچەکانی کورد لە سووریا بە کوردی دەبێت؛ بە ڕێککەوتن لەگەڵ کورد بەڕێوەبردنی سووریا یەکدەخرێت و سوورییەکان بەهۆی ڕژێمی پێشوو زۆر ئازاریان چەشت؛ هاوکات خەڵکی سووریا ڕووبەرووی ستەم و نادادپەروەری بوونەوە و ڕێگە بە جیاوازیی لەنێوان پێکهاتەکانی سووریا نادەین
ئەحمەد شەرع سەرنجی خستە سەر پرسی هێرشەکانی 11ی سێپتێمبەری 2001 بۆ سەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و گوتی: سەرەتا دەربارەی 11ی سێپتێمبەر، من هیچ پەیوەندییەکم بەو رووداوەوە نەبووە؛ لەو کاتەدا من تەمەنم تەنیا 13 ساڵ بوو و هیچ شتێکم لەبارەی ئەو بابەتانەوە نەدەزانی.
سەرۆککۆماری سووریا هاوخەمیی خۆی بۆ کەسوکاری قوربانیان نیشاندا و رایگەیاند: بێگومان من دڵگرانم بۆ سەرجەم ئەو قوربانیانەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گیانیان لەدەستدا، هاوکات بۆ ئەو کەسانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی ئەو سیاسەتانەی لەوێ پەیڕەو کران بوونە قوربانی و خەڵکێکی زۆر باجەکەیان دا.
ئەحمەد شەرع دووپاتیکردەوە کە بە تەواوی دوورن لە پەیوەستبوون بەو هێرشانەوە و گوتی: بە دڵنیاییەوە ئێمە بە تەواوەتی بێبەریین و هیچ پەیوەندییەکمان بەو رووداو و کردەوانەوە نییە کە ئەوکاتە لە نیویۆرک روویاندا.
نوێ دەکرێتەوە..