بەغدا سنووری بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکان لە شەش پارێزگادا رێکدەخاتەوە
فەریق روکن عەبدولئەمیر شەمەری، بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی باڵای کرد، تایبەت بوو بە بەدواداچوون بۆ رێکارەکانی رێکخستنەوەی سنووری بەرپرسیارێتیی ئەمنی لە شەش پارێزگای وڵاتدا.
پێنجشەممە 24ـی ئەیلوولی 2026، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەکە تایبەت کراوە بەو پارێزگایانەی وەزارەتی ناوخۆ بە تەواوی دۆسیەی ئەمنییانی وەرگرتووەتە ئەستۆ، ئەوەش بە ئامادەبوونی بریکارانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ کاروباری پۆلیس و هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی، بریکارانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی، بەڕێوەبەری گشتیی ئۆپەراسیۆنەکان لە وەزارەتی ناوخۆ، یاریدەدەری ئۆپەراسیۆنەکانی دەستەی حەشدی شەعبی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی نووسینگەی فەرماندەی گشتی.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، کۆبوونەوەکە هەریەک لە پارێزگاکانی (زیقار، موسەننا، دیوانییە، نەجەف، واست و بابیل)ی گرتووەتەوە، تێیدا فەرماندەکانی پۆلیسی ئەو پارێزگایانە لە رێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە بەشدار بوون و راپۆرتێکی پوختیان لەسەر نەخشەی ناوچە ئەمنییەکان، سنوری دەسەڵات و بەرپرسیارێتییەکان و چۆنیەتیی بڵاوەپێکردنی هێزەکانیان لە کەرتە جیاوازەکاندا پێشکەش کرد.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتی گوێبیستی راپۆرتی شانەی هەواڵگری بوو سەبارەت بە رەوشی ئەمنیی ئەو شەش پارێزگایە و میکانیزمەکانی بەهێزکردنی هەماهەنگی و تەواوکاری لە نێوان دەزگا پەیوەندیدارەکاندا. بەیاننامەکە رایگەیاند، ئەم دیدارە لە چوارچێوەی زنجیرە رێکارە بەردەوامەکاندایە بۆ دابەشکردنەوە و رێکخستنی ئەرکەکان بە جۆرێک رۆڵی دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکان روون بێت و دەسەڵاتەکان بە تەواوی لێک جیا بکرێنەوە.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم رێڕەوە ئامانج لێی چەسپاندنی کاری ئەمنیی دامەزراوەیی، یەکخستنی بەرپرسیارێتییەکان و بەهێزکردنی رۆڵی وەزارەتی ناوخۆیە لە ئیدارەدانی دۆسیەی ئەمنیی پارێزگاکاندا، هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی هەماهەنگیی هاوبەش لە نێوان سەرجەم هێزەکان لەپێناو پاراستنی سەقامگیری و ئاشتیی کۆمەڵایەتی.