بلومبێرگ: گۆڕانێکی گوماناوی لە رێڕەوی باری پارچە یەدەگەکانی فڕۆکەی F-35دا روویداوە
ئاژانسی "بلومبێرگ"ی ئەمریکی ئاشکرایکرد، گۆڕانێکی گوماناوی لە رێڕەوی بارێکی تایبەت بە پێکهاتە و پارچە یەدەگەکانی فڕۆکەی جەنگیی F-35دا روویداوە، بارەکە بڕیار بوو رەوانەی ئەمریکا بکرێت، بەڵام پێشبینیدەکرێت چین دەستی بەسەر چەند پارچەیەکی هەستیاری نێو بارەکەدا گرتبێت.
پێنجشەممە 24ـی ئەیلوولی 2026، بلومبێرگ لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، پارچەکانی فڕۆکەی F-35 لە کاتی گواستنەوەیان لە ئوسترالیاوە بەرەو ئەمریکا، بە شێوازێکی ناڕوون و گوماناوی رێڕەوەکەیان بەرەو هۆنگ کۆنگ گۆڕاوە، رایگەیاند، چین دەستی بەسەر ئەو پارچانەدا گرتووە کە ئەگەری زۆرە پێکهاتەی زۆر هەستیاری ئەو جۆرە فڕۆکە پێشکەوتووە بن.
لە بەرامبەردا، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاند، ئاگاداری ئەو پرسەیە و بابەتەکە پەیوەستە بە بارێک کە پارچە و پێکهاتەی لەکارکەوتوو و بەکارنەهاتووی فڕۆکەی F-35ـی تێدا بووە.
پێشتریش لە هەینیی رابردوودا، راپۆرتە میدیاییەکان بڵاویانکردبووەوە، کە کۆنگرێسی ئەمریکا لێکۆڵینەوەیەکی لەبارەی گۆڕینی ئاراستەی ئەو پارچە یەدەگانە دەستپێکردووە، کە لە هاوینی رابردوودا لە رێگەی کۆمپانیایەکی نێوەندگیرەوە لە ئوسترالیاوە بۆ مەبەستی چاککردنەوە رەوانەی ئەمریکا دەکران، بەڵام بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو گەیشتوونەتە هۆنگ کۆنگ.
بەگوێرەی ماڵپەڕی هەواڵیی پۆلیتیکۆ، ئەو پارچانەی لە نێو بارەکەدا بوون و تا ئێستا شوێنی تەواوەتییان نادیارە، لەنێویاندا کابینەی فڕۆکەوان هەیە کە بە تەکنەلۆژیایەکی نهێنی و پێشکەوتوو دروست کراوە. چاودێرانیش رایانگەیاند، گۆڕینی رێڕەوی بارەکە بەرەو هۆنگ کۆنگ - کە ناوچەیەکی کارگێڕیی تایبەتی سەر بە چینە - وادەکات ئەو پارچە هەستیارانە بکەونە ژێر دەسەڵات و هەژموونی راستەوخۆی بەیژینگەوە.