پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە کەرکووک کێشەی بۆ دروست بووە
پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە کەرکووک بەهۆی بەربەستە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانەوە رووبەڕووی گرفتی جددی بووەتەوە و ئەگەری هەڵوەشانەوەی بڕیارەکە هەیە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی هەزاران هاووڵاتی لە وەرگرتنی زەوی بێبەش بن.
ئەحمەد عومەر زەنگەنە، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی کەرکووک بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە چوارچێوەی بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ دابەشکردنی زەوی، زیاتر لە 10 هەزار دۆنم زەوییان بۆ دابەشکردن بەسەر هاووڵاتییانی هەژار و کەمدەرامەت ئامادەکردووە.
ئەحمەد عومەر روونیکردەوە، سەرەڕای ئەوەی کێشەی زەوییەکان لە سنووری ماددەی 140 چارەسەربووە، بەڵام پرۆسەکە لەبەردەم مەترسی هەڵوەشانەوەدایە، سەبارەت بە هۆکارەکانی بەربەستکردنی پرۆسەکە، گوتیشی "لایەنە تورکمان و عەرەبەکان ئامادە نین زەوییەکانیان بۆ ئەو مەبەستە تەرخان بکەن".
بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی کەرکووک ئەوەشی خستەڕوو، تەنیا کورد ئامادەیی خۆی بۆ دابەشکردنی زەوی دەربڕیوە، ئەم دۆخەش نەک هەر کێشەکە چارەسەر ناکات، بەڵکو قوڵتری دەکاتەوە، چونکە زەوییەکان دەکەونە سنووری ناوچە کوردنشین، تورکماننشین و عەرەبنشینەکانەوە.
ئەو بەرپرسەی شارەوانی کەرکووک جەختیکردەوە، پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بە سیاسی کراوە و پێویستە لایەنە سیاسییەکان ئەو پرسە یەکلایی بکەنەوە، لەکاتێکدا شارەوانی هەموو ئامادەکارییەکی تەواوکردووە و نەخشەی کەرتی زەوییەکانیش ئامادەن.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەو زەوییانەی پێشنیارکراون دەکەونە سنووری یاروەلی، چۆپلیجە، حەویجە، ریاز، رەشاد، زاب، شەریفییە، پردێ، شوان، دوبز، داقووق و قەرەهەنجیر.
بە بڕیاری عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیارە ملیۆنێک پارچە زەوی لەسەرتاسەری عێراق بەسەر هاووڵاتییان و فەرمانبەران دابەش بکرێت، کە پشکی کەرکووک و دەوروبەری لەم پرۆسەیەدا 50 هەزار پارچە زەوییە.
بەپێی رێنماییەکان، ئەو کەسانەی خاوەنی خانوون یان پێشتر لە وەرگرتنی زەوی لەلایەن حکوومەتەوە سوودمەند بوون، مافی وەرگرتنی زەوییان نابێت.