سۆران دەبێتە خاوەنی مۆزەخانە و پارکی شوێنەواریی سەردەمیانە

بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایدەگەیەنێت، وەک هەنگاوی یەکەم بۆ دروستکردنی باڵەخانەی نوێ، مۆزەخانە و پارکی شوێنەواری، کاری رووپێویی ورد بۆ ناوچەکە ئەنجام دراوە و لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ پڕۆژەکە لەمساڵدا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24ـی ئەیلوولی 2026، عەبدولوەهاب سلێمان، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: کاری رووپێویکردن وەک هەنگاوی یەکەم و بنەڕەتی بوو، بۆ کارکردنێکی ورد و زانستی، بە مەبەستی دیاریکردنی رووبەری گشتیی ئەو ناوچەیەی کە لە ساڵی 2009ـەوە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سۆرانەوە دیاریکرابوو بۆ دروستکردنی باڵەخانەیەکی نوێ بۆ بەڕێوەبەراییەتیی شوێنەوار و کەلەپوری سۆران،لە دەوروبەری قەڵای پاشای گەورە پەرژین کراوە.

بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپوری سۆران ئاماژە بەوە دەکات، جگە لە دیاریکردنی رووبەر و قەبارە، ئەم رووپێوییە تۆپۆگرافیایەکی وردی زەوییەکە (بەرزی و نزمییەکان) پێشکەش دەکات. ئەمەش وەک نەخشەیەکی بنەڕەتیی ورد دەبێتە بنکەیەک بۆ پلانڕێژی و دابەشکردنی بیرۆکەکان.

دەربارەی نەخشە و دیزاینی پرۆژەکە، عەبدولوەهاب سلێمان گوتی: لە نەخشەکەدا شوێنی باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتیی و مۆزەخانە و پارکی شوێنەواری و هەروەها رێکخستنی ناوچە سەوزاییەکان و شوێنی وەستاندنی ئۆتۆمبێل، کۆشکە خزمەتگوزارییەکان و ژێرخانی پێویست لەخۆ دەگرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، دوای تەواوبوونی قۆناخی دیزاین و رەشنووسی هێڵکارییەکان، هەنگاوەکان بۆ قۆناخی جێبەجێکردنی مەیدانیی پڕۆژەکە دەستپێدەکات، بۆئەم هەنگاوانە پێویستیان بە تەرخانکردنی دارایی هەیە، بۆیە بۆ هەر قۆناخێک دەرخستەی تایبەت ئامادە دەکرێت و بودجەی پێویستی بۆ دەستنیشان دەکرێت.

دەربارەی پاڵپشتیکردنی پرۆژەکە لەلایەن دام و دەزگا پەیوەندیدارەکان، بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران باسی لەوە کرد، ماوەیەکی زۆرە لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و قایمقامی ناوەندی قەزای سۆران لە گفتوگۆ و کارکردنی بەردەوامداین، هاوکات سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران پاڵپشتیی تەواوی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەوەی بە هەر شێوازێک بێت لە ئەمساڵدا بودجەی پێویست بۆ پڕۆژەکە دابین بکرێت.

عەبدولوەهاب سلێمان لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد، ماوەی مانگێکە بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و کەلەپوور دەستبەکار بووە و لە بەرنامەی کاریدا دایناوە کە لە سەرجەم ئیدارە سەربەخۆکان و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان مۆزەخانە دامەزرێنێت، کە ئەمەش پاڵنەرێکی بەهێزە بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژە نیشتمانییە.