تانکەر تراکەرز: واشنتن دەستی بەسەر 6 ملیۆن بەرمیل نەوتی ئێراندا گرتووە
داتاکانی چاودێریی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی ئاشکرایان کرد، کە سێ کەشتیی نەوتهەڵگری پەیوەندیدار بە ئێران، لە لایەن واشنتنەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.
پێنجشەممە، 24ـی ئەیلوولی 2026، کۆمپانیای تانکەر تراکەرز کە تایبەتە بە چاودێریکردنی جووڵەی نەوتهەڵگرەکان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردەوە، سێ کەشتیی نەوتهەڵگری پەیوەندیدار بە ئێران، کە لە لایەن واشنتنەوە دەستیان بەسەردا گیراوە و نزیکەی شەش ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی ئێرانییان هەڵگرتووە، ئەمڕۆ لە ئاوەکانی زەریای ئەتڵەسیدا بینراون.
بە پێی هەواڵی کۆمپانیاکە، هەرچەندە ئامێرەکانی دیاریکردنی شوێنی کەشتییەکان بە فەرمی وێستگەی کۆتایی خۆیانیان دیاریی نەکردووە، بەڵام کەشتییەکان بە ئاراستەی ئەمریکا دەڕۆن و، ئەو نەوتەی کە هەڵیان گرتووە بە بەهای نزیکەی 600 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.
لە لایەکی دیکەوە، بە گوێرەی داتاکانی سەکۆی چاودێریی جموجووڵی دەریایی "کیپلەر"، یەکێک لە نەوتهەڵگرەکان بە ناوی "مەجێستیک ئێکس" لە ماوەی نێوان 31ـی تەممووز تا 2ـی ئاب، کاتێک لە ئاوەکانی مالیزیاوە بەرەو زەریای ئەتڵەسی کەوتووەتە ڕێ، بۆ ماوەیەکی کاتی ئەمریکای وەک وێستگەی گەشتەکەی تۆمار کردووە.
ئەم سێ نەوتهەڵگرە لەژێر چوارچێوەی ئەو بەرنامەیەی سزاکانی ئەمریکادان کە ئامانجی سنووردارکردن و پەکخستنی هەناردەی نەوتی ئێرانە، پڕۆسەی دەستبەسەرداگرتنیان دوای ئەوە هات کە ئەمریکا گەمارۆی خستە سەر بەندەرەکانی ئێران وەک وەڵامێک بۆ ئاستەنگ دروستکردنی تاران لە بەردەم کەشتییەکان لە گەرووی هورمز، کە ڕێڕەوێکی سەرەکی و ستراتیژیی هەناردەکردنی نەوتی وڵاتانی کەنداوە.
زانیارییەکانی کیپلەر دەری دەخەن، کە ئێستادا دوو لەو کەشتییە نەوتهەڵگرانە بە ناوەکانی "مەجێستیک ئێکس" و "تیفانی" لە ئاوەکانی کەناراوەکانی باکووری بەڕازیلدان؛ هەردوو کەشتییەکە لە مانگی نیسانی رابردوودا دوای بارکردنی نەوت لە ئێران، لە لایەن هێزەکانی ئەمریکاوە دەستیان بەسەردا گیراوە.
پێشتر وەزارەتی جەنگی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە مانگی نیساندا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، دەستبەسەرداگرتنی ئەو کەشتییانەی وەک هەوڵێک بۆ تێکشکاندنی تۆڕە نایاساییەکان و رێگریکردن لەو کەشتییە سزادراوانەی کە پاڵپشتیی ماددی پێشکەش بە ئێران دەکەن وەسف کردبوو.