نەتەوە یەکگرتووەکان: بەردەوام دەبین لە پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان

 گوتەبێژی فەرمیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کەناڵی کوردستان24 رایگەیاند، هەرێمی کوردستان هەمیشە بەرامبەر بە ئاوارە و پەنابەران دەرگای کراوە بووە و خەڵکەکەی میهرەبانن، بۆیە بەردەوام دەبین لە پاڵپشتیکردنیان.

پێنجشەممە 24ـی ئەیلوولی 2026، ستیفان دوژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، تایبەت بۆ کوردستان24 گوتی: "نەتەوە یەکگرتووەکان هەمیشە لە هەرێمی کوردستان ئامادەیی هەبووە و هاوکاریی خەڵکەکەمان کردووە، گەلی کوردستان خەڵکێکی بەخشندەن و بەردەوام دەرگای ماڵ و ناوچەکانیان بۆ ئاوارە و پەنابەران کردووەتەوە. دووپاتیکردەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەماهەنگی و کارکردنی بەردەوام لەگەڵ حکوومەت و گەلی هەرێمی کوردستان دانەبڕاو دەبێت.

سەبارەت بە سووریا رایگەیاند، بڕیاری هەڵگرتنی سزاکان لەسەر سوووریا هەنگاوێکی باش و گرنگە، بەڵام ئەمە کۆتایی کارەکان نییە و پێویستە هاندانی زیاتر بۆ وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت فەراهەم بکرێت.رایگەیاند، هەندێک جار سزاکان کاریگەریی نەرێنییان لەسەر رێکخستنە دارایی و بانکییەکان دروست کردووە، بۆیە پێویستە ئەو ئاستەنگانەش چارەسەر بکرێن و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەبەرهێنانی زیاتر لە سوووریادا بکرێت تاوەکو ژێرخانی ئابووریی ئەو وڵاتە ببووژێتەوە.

سەبارەت بە گرژی و ئاڵۆزییە ناوچەییەکان، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانیی خۆی دەربڕی و گوتی: جەنگ و ململانێ لەگەڵ ئێران زۆری خایاندووە، خەڵکی مەدەنی باجی گەورەیان داوە و بوونەتە قوربانی، هەروەها وڵاتانی دەوروبەریش پەلکێشی ناو جەنگەکە کراون. هۆشداریشی دا لەوەی داخرانی بەردەوامی گەرووی هورمز کاریگەریی وێرانکەری لەسەر ئابووریی جیهانی دروست کردووە، جەختیشی کردەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان چاوەڕوانی گەڕانەوەی ئازادیی تەواوەتیی کەشتیوانی و دەریاوانییە لەو گەرووە ستراتیژییەدا.