تەرمێک لە رووباری کاولۆکان دۆزرایەوە
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی سۆران بەکوردستان 24ی راگەیاند، تەرمی هاووڵاتییەکی خنکاو کە ناسنامەکەی ناسراوەتەوە و پێشمەرگەی خانەنشینە، لەلایەن ژمارەیەک پێشمەرگەوە تەرمەکەی لە رووباری کاولۆکان دۆزرایەوە.
هەینی 25ی ئەیلوولی 2026، رەوەند مەغدید، گوتەبێژەکەی بەرگریی شارستانی سۆران بۆ کوردستان24 روونیکردوەوە و گوتی: لە لێواری رووباری باڵەکایەتی لەنزیک کاولۆکان ژمارەیەک پێشمەرگە تەرمێکیان دۆزیوەتەوە و دوای دەرهێنانی لە رووبارەکە، ئێمەیان ئاگادارکردەوە، دوای ئەوەی تیمەکانمان گەیشتونەتە شوێنەکە، تەرمەکەیان گواستووەتەوە بۆ پزیشکی دادی سۆران.
رەوەند مەغدید گوتی: کەسە خنکاوەکە ناسراوەتەوە و خوڕشید شێرە سەعیدە لەدایکبووی 1972ـە، پێشمەرگەی خانەنیشینە و دانیشتووی دارەتووی هەولێر بووە و دووهەفتەیە هیچ سۆراخێکی نەبووە و بێسەرشوێن بوو.
گوتیشی، بەگوێرەی ئەنجامی شیکارە بەرایییەکان تەرمەکە شێواوە و مەزندە دەکرێت زیاتر لەدوو هەفتە بێت لە رووبارەکەدا مابێتەوە.
ئێستاش تەرمەکە هەر لە پزیشکی دادی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە و کەسوکارەکەشی ئاگادار کراوەنەتەوە کە سەردانی سۆرانی بکەن بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکە.
هاوشێوەی رووداوەکەی ئەمڕۆ، دوێنێ پێنجشەممە، رەوەند هاودیانی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران بە کوردستان24ـی راگەیاند: کاتژمێر 4:00ـی ئێوارەی دوێنێ تیمەکانمان ئاگادارکرانەوە لە هەبوونی رووداوی خنکان، لە سنووری شارەدێی سمیلانی شارۆچکەی چۆمان، دوای گەیشتنی تیمەکانمان بۆ شوێنی رووداوەکە دەرکەوتووە باوک و کوڕێک لەحەوزێکی ئاوداخنکاون.
رەوەند هاودیانی ئاماژەی بەوە کرد، تەرمی باوک و کوڕەکە لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانیی دەگوازرێنەوە بۆ پزیشکی دادی سۆران و هەروەها ئەو شوێنەی رووداوەکەی لێ دروست بووە کوێستانی گوندی بێولەیە لەسنوری سمێلان.