پزیشکیان: متمانەمان بە ئەمریکا نەماوە
سەرۆککۆماری ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ جەزیرە لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، دیدگای تەلئەڤیڤ و واشنتن بۆ دۆخی ناوچەکە، ئاسایشی گەرووی هورمز، گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا و پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و بەتایبەت سعوودیە خستەڕوو.
شەممە 26ـی ئەیلوولی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە دەستپێکی لێدوانەکانیدا جەختی لە نەبوونی متمانە لە نێوان تاران و واشنتندا کردەوە و گوتی، ئێران بەهۆی ئەوەی لە رابردوودا دوای هەر خولێکی دانوستان رووبەرووی هێرش و سزای زیاتر بووەتەوە، متمانەی بە گفتوگۆکان نەماوە، بە جۆرێک دوای سێ جار دانیشتن لەسەر مێزی دانوستان، فەرماندە و زانایانی ئێرانی کراونەتە ئامانج. سەرەڕای ئەوەش، رایگەیاند، ئێران نایەوێت رەتکەرەوەی گفتوگۆ بێت و لە رێگەی قەتەر و پاکستانەوە پەیامی ئاڵوگۆڕ کردووە و تۆپەکە ئێستا لە گۆڕەپانی ئەمریکادایە تاوەکو بڕیار لەسەر چوارچێوەی رێککەوتنەکە بدات.
سەبارەت بە ئەگەری کۆبوونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، پزیشکیان بێئومێدیی خۆی لە هەر هەنگاوێکی لەو شێوەیە دەربڕی و گوتی: "ئەگەر رێککەوتنەکانی پێشوو جێبەجێ نەکرێن، کۆبوونەوە چ سوودێکی هەیە؟ ئێرانییەکان دەمرن بەڵام سەرشۆڕی قبووڵ ناکەن." هەروەها سزاکانی ئەمریکای بە تاوانی ئابووریی و تاوان دژ بە مرۆڤایەتی ناوبرد.
دۆخی گەرووی هورمز و کەرتی فڕۆکەوانی
لە بارەی دەنگۆی رێککەوتنێکی کاتی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز بۆ ماوەی 7 رۆژ لە بەرامبەر سووککردنی گەمارۆی سەر تاران، پزیشکیان روونیکردەوە، ئێران نەبووە دەستی بە داخستنی رێڕەوەکە کردبێت، گوتیشی: "لە ئەگەری رێککەوتندا، گەرووەکە بە رووی بازرگانیی ئاساییدا دەکرێتەوە، بەڵام هەرگیز رێگە بە تێپەڕبوونی چەک و تەقەمەنی نادرێت کە ئاگری شەڕەکە خۆش بکات." پزیشکیان جەختیشیکردەوە ، دەبێت ئاسایشی ناوچەکە لەلایەن وڵاتانی ناوچەکەوە دابین بکرێت بەبێ ئەوەی پێویست بە چاودێرێکی دەرەکی هەبێت.
لە پەیوەندی بە سنووردارکردنی گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران و بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکان لەلایەن ئەمریکاوە، پزیشکیان هۆشداری دا کە واشنتن لە خاکی خۆیەوە هێرش ناکات، بەڵکو بنکەکانی لە وڵاتانی ناوچەکە بەکاردەهێنێت، بۆیە ئەو وڵاتانەش بەرپرسیار دەبن و داوای لە وڵاتانی ئیسلامی کرد رێگە نەدەن خاک و ئاسمانیان بۆ هێرشکردنە سەر تاران بەکاربهێنرێت.
پەیوەندی لەگەڵ سعوودیە و پرسی یەمەن
لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، سەرۆککۆماری ئێران تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانی تاران و ریاز و ئاماژەی بە پیرۆزیی مەکە و مەدینە کرد و گوتی، سعوودیە دەتوانێت تەوەرە و چەقی یەکڕیزیی وڵاتانی ئیسلامی بێت. هەروەها گوتیشی، بە سەرۆکوەزیرانی پاکستانی راگەیاندووە پێویستە دەستی هاوکاری بۆ یەکدی درێژ بکەن.
سەبارەت بە دۆخی یەمەن، پزیشکیان هەبوونی دەستێوەردانی سەربازیی ئێرانی رەتکردەوە و رایگەیاند، تاران شەڕی نێوان ریاز و سەنعای ناوێت و ئامادەی هەموو هاوکاری و ناوبژیوانییەک تا کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن. سەبارەت بە هێرشەکانی سەر دامەزراوەکانی سعوودیە و کەنداویش، هەر جۆرە دەستێوەردانێکی تاران یان لایەنە عێراقییەکانی رەتکردەوە و ئەگەری ئەوەی خستەڕوو کە ئیسرائیل یان دارودەستەکانی لەپشت ئەو کارانەوە بن تا ئاگری دووبەرەکی هەڵگیرسێنن.
پێشنیازی قەتەر بۆ ئاسایشی ناوچەکە
لە کۆتایی دیدارەکەدا، پزیشکیان پێشوازی لە پێشنیازەکەی قەتەر کرد بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی ئەمنیی ناوچەیی بە بەشداریی ئێران و وڵاتانی کەنداو و عەرەبی، و داوای کرد تەواوی ناکۆکییەکان لە رێگەی دانوستان و لەسەر بنەمای تەبایی و برایەتیی نێوان موسڵمانان چارەسەر بکرێن.