کێشەی چەندین ساڵەی کارەبا لە گوندێکی دەربەندیخان چارەسەر دەکرێت

پڕۆژەیەکی تایبەت بە سێکتەری کارەبا لە دەربەندیخان جێبەجێ دەکرێت، کە تێیدا تۆڕی کارەبای نیشتمانی بۆ گوندی ئەحمەد بڕندە نوێ دەکرێتەوە و کێشەیەکی چەندین ساڵەی دانیشتووانی ناوچەکە چارەسەر دەکات.

باست عەزیز، بەڕێوەبەری کارەبای دەربەندیخان بە کوردستان24ی راگەیاند، چەند پڕۆژەیەک بۆ سێکتەری کارەبا لە سنوورەکە جێبەجێ دەکرێن و یەکێک لەوانە راکێشانی کارەبای نیشتمانییە بۆ گوندی ئەحمەد بڕندە. پڕۆژەکە بە گوژمەی 30 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت کە 8%ی تێچووەکەی لەسەر داهاتی کارەبایە.

بەڕێوەبەری کارەبای دەربەندیخان ئاماژەی بەوەش کرد، کارەکانی پڕۆژەکە بریتین لە دانانی 28 ستوونی هێڵی پەستانی نزم لەگەڵ تەواوی پێکهاتەکانی، نوێکردنەوەی بگۆڕەکان (محاويلە)، راکێشانی 1,100 مەتر کەیبڵی (سری فەیس 95 میلیمەتر دووجا) و دووبارە دانانەوەی پێوەری زیرەک بۆ هاوبەشانی کارەبا. راشیگەیاند، کارەکانی پڕۆژەکە مانگێکە دەستیپێکردووە و لە قۆناخی کۆتاییدایە.

تۆڕی کارەبای گوندی ئەحمەد بڕندە کە لە 50 ماڵ پێکهاتووە، زۆر کۆن بووە و لە ساڵانی نەوەدەکانەوە بێ نوێکردنەوە کاری کردووە. بەو هۆیەوە دانیشتووانی گوندەکە ساڵانە و بە تایبەتی لە وەرزی زستاندا رووبەڕووی کێشەی کەمی، شۆڕت و پچڕانی بەردەوامی کارەبا دەبوونەوە، بەڵام بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە کێشەکانیان بە تەواوی چارەسەر دەبن.